قوباد تاڵەبانی: ئەولەویەتی حکومەت چاککردنەوەی رێگاوبانەکانە لە ماوەیەکی کورتدا

بۆ چارەسەرکردنی کێشەی رێگاوبانەکان، قوباد تاڵەبانی سەرپەرشتیی کۆبوونەوەیەکی کرد و لە نزیکیشەوە چاودێریی پڕۆسەی چاککردنەوەی رێگاوبانەکان دەکات.

ئەمڕۆ پێنجشەمە ٢ی ئایار، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بەمەبەستی چارەسەرکردنی کێشەی رێگاوبانەکان سەرپەرشتیی کۆبوونەوەیەکی کرد کە تیایدا ھەر یەکە لە دەرباز کۆسرەت رەسوڵ وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن و نەورۆز مەولود وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و رێباز حەملان وەزیری دارایی و ئابووری حکومەتی ھەرێمی کوردستان ئامادەی کۆبوونەوەکە بوون.

لە کۆبوونەوەکەدا قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەدا، ھەرچەندە لە چەند رۆژی رابردوودا دەستکراوە بە چاککردنەوەی رێگاوبانەکان، بەڵام ئەولەوییەتی حکومەتی ھەرێم چاککردنەوەی ھەموو رێگاوبانەکانە لە ماوەیەکی کورتدا.

لە کۆبوونەوەکە بڕیاردرا بە زووترین کات بودجەی پێویست بۆ چاککردنەوەی ھەموو رێگاوبانەکان دابین بکرێت، داواش لە وەزارەتی ناوخۆ کرا ژمارەی پۆلیسی ھاتووچۆ لە شەقامەکان زیاتر بکرێن بە تایبەت لەو شەقامانەی کە کاریان تێدا دەکرێت، ھەروەھا کامێرا و ئامێرەکانی پشکنینی خواردنەوە کحولییەکان زیاتر بکرێت بۆ کەمکردنەوەی رووداوەکانی ھاتووچۆ. 

ھەروەھا بڕیارە ھەفتەی داھاتوو بۆ ھەمان مەبەست کۆبوونەوەیەکی گەورەتر بە بەشداریی وەزیری ناوخۆ و پارێزگارەکان بەڕێوەبچێت و لە کۆبوونەوەکەدا بودجەی پێویست بۆ چاککردنەوەی رێگاوبانەکان تەرخان دەکرێت، کە قوباد تاڵەبانی خۆی لە نزیکەوە سەرپەرشتی و چاودێریی پڕۆسەی چاککردنەوەی رێگاوبانەکانی ھەرێم دەکات.