كۆمپانیاى گشتى عێراق داوا له‌ حكوومه‌ت ده‌كات هاورده‌كردنى ئۆتۆمبێل ته‌نیا له‌ ده‌سه‌ڵاتى ئه‌و بێت

كۆمپانیاى گشتى عێراق بۆ هاورده‌كردنى ئۆتۆمبێل و یه‌ده‌گ داواى له‌ حكوومه‌ت كردووه‌، ته‌نیا رێپێدراوى هاورده‌كردنى ئۆتۆمبێل بێت.

 ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 27ى نیسان ئه‌حمه‌د یاسین محه‌مه‌د به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى كۆمپانیاى هاورده‌كردنى ئۆتۆمبێل له‌ لێدوانێكى رۆژنامه‌وانیدا، ناوه‌ڕۆكى داوایه‌كى ئاشكرا كردووه‌ كه‌ به‌ حكوومه‌تیان داوه‌.

 ئه‌حمه‌د یاسین ده‌ڵێ “داوامان كردووه‌ هاورده‌كردنى ئۆتۆمبێل ته‌نیا به‌ده‌ست ئێمه‌ بێت، بۆ ئه‌وه‌ى جۆرێك ئۆتۆمبێل هاورده‌ بكه‌ین به‌ كه‌ڵكى عێراق بێت و كوالێتییه‌كه‌ى به‌رز بێت”.

 دووپاتى ئه‌وه‌ش ده‌كاته‌وه‌ له‌ پرۆسه‌ى هاورده‌كردنى ئۆتۆمبێل بۆ عێراق، ده‌بێت به‌ر له‌ هه‌موو شتێك كه‌شوهه‌واى ئه‌م وڵاته‌ له‌به‌ر چاو بگیرێت، چونكه‌ له‌ زۆربه‌ى رۆژه‌كانى هاوین پله‌ى گه‌رما له‌ ناوه‌ڕاست و باشوورى عێراق ده‌گات به‌ په‌نجا پله‌.