“٢٤٣ هەزار گەشتیار هاتوونەتە هەرێمی کوردستان”

دەستەی گشتیی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت کە لە میانی ١٠ رۆژدا، ٢٤٣ هەزار گەشتیار هاتوونەتە هەرێمی کوردستان، بەمەش رێژەی هاتنی گەشتیاران لە رۆژانی نەورۆزدا بەراورد بە ساڵی رابردوو، سەدا چوار زیادی کردووە. 

وتەبێژی دەستەی گشتیی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان، نادر روستی رایگه‌یاند: “بەپێی دوا ئاماری دەستەی گشتیی گەشتوگوزار کە پشت دەبەستێت بە زانیاری و ئامارەکانی بازگە و خاڵە سنووریی و فڕۆکەخانەکان، ٢٤٣ ھەزار گەشتیار لە میانی ١٠ رۆژ واتە لە ١٢ی ئادار تا ٢٢ی ئادار ھاتوونەتە ھەرێمی کوردستان”. 

نادر روستی وتیشی: “گەشتیاران بەڕێژەی سەدا ٧٣ لە ناوەڕاست و خوارووی عێراق و سەدا ١٦ لە ئێران و سەدا شەش لە تورکیا و سەدا پێنج لە وڵاتانی دیکەوە هاتوونەتە هەرێمی کوردستان”. 

بەوتەی وتەبێژی دەستەی گشتیی گەشتوگوزاری هەرێم، رێژەی گەشتیاران بەراورد بە ساڵی رابردوو زیادی کردووە و لەمبارەیەوە نادر روستی وتی: “ساڵی رابردوو ٢٣٤ هەزار گەشتیار هاتوونەتە هەرێمی کوردستان و ئەمەش بەرارود بە ئەمساڵ رێژەکە سەدا چوار زیادی کردووە”.