شەوی رابردوو هەفتەیەكی تر لە بازاڕی بۆڕسە كۆتایی هات و سەرەڕای ئەوی كە دوێنی هەینی لە چەند سەعاتێكی دیاریكراودا نرخی نەوت نزمترین ئاستی لە چوار هەفتەی رابردوو تۆمار كرد، بەڵام دواتر بە رێژەیەكی بەرچاو هەڵكشا و چارتی هەفتانەی بازاڕەكەی بۆ رەنگی سەوز گۆڕی.
هەر لە سەرەتای هەفتەبازاڕەكەوە نرخی نەوت رووی لە هەڵكشان كرد و جگە لە یەك رۆژ كە نرخی نەوت دابەزی لە سەرجەم رۆژەكانی تری هەفتە نرخی نەوت هەڵكشا. سەرەتای هەفتەكە نرخی هەر بەرمیلێك نەوت بە نزیكەی 65 دۆلار بوو و لە كۆتایی هەفتەش بە 65 دۆلار و 67 سەنت داخرا.
بەگوێرەی dailyfx بەرزترین نرخ كە لەم هەفتەیە تۆمار كرابێت 67 دۆلار بوو و نزمترین نرخیش دوێنێ هەینی تۆمار كرا كە بریتی بوو لە 64 دۆلار و بۆ نزمترین ئاستی لە چوار هەفتەی رابردوو دابەزی.
سیاسەتەكانی ئۆپێك و هەوڵی ئەو وڵاتانە بۆ دابەزاندنی هەناردەی نەوت یەكێك لە گرنگترین هۆكارەكانی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت.
ئامادەكاری بۆ هەناردەی زیاتری نەوتی لیبیا و بەرزبوونەوەی ئاستی نەوتی كۆگاكراوی ئەمەریكا و دابەزینی داخوازی جیهانیی لەسەر نەوت لە گرنگترین ئەو هۆكارانەن رێگری لە زیاتر بەرزبوونەوەی نرخی نەوت دەكەن.
لە ترسی ئەوەی نرخی نەوت بە خێرایی بەرز نەبێتەوە، ئەمەریكا نەیتوانیوە بە تەواوی رێگری لە فرۆشتنی نەوتی ئێران بكات و راستە هەناردەی ئێران دوای كشانەوەی ئەمەریكا لە رێككەوتنی ناوكیی بە رێژەیەكی بەرچاو دابەزی، بەڵام هێشتا نزیكەی دوو ملیۆن بەرمیل هەناردە دەكات.