رێكارەكانی چاودێری كوالێتی بەنزین و سیستمی غاز توندتر دەكرێن

رێكارەكان بۆ چاودێری جۆر و كوالێتی سوتەمەنی لە بەنزینخانەكان و سەلامەتی سیستمی غاز(LPG) توندتر دەكرێن.

ئەمرۆ 7-3-2019 بەسەرپەرشتی ئاوات محەمەد- قائیمقامی سلێمانی و بەشداری بەرێوبەری بەرگری شارستانی و نەت‌و كانزاكان و كوالێتی كۆنترۆڵ و چاودێری بازرگانی و ئاسایشی ئابووری و لیژنەی بەنزینخانەكان و سیستمی غاز، كۆبونەوەیەك لە دیوانی قائیمقامیەت، بەرێوەچوو. تێیدا بە وردی باس لە چاودێری زیاتری بەنزینخانەكان كرا لە رووی جۆر و كوالێتی ئەو بەنزین و سوتەمەنیانەی دەیفرۆشن، لەم رووەوە بڕیاردرا هەماهەنگی زیاتر لەنێوان لیژنە هاوبەشەكان و بەرێوبەرایەتی نەوت و كانزاكان بكرێت و لیژنەیەكی تایبەتی پشكنینیش وەكو بەشێك لە لیژنە هاوبەشەكان دروست بكرێت بۆئەوەی لە رۆژانی پشوو دوای دەوامدا پشكنین بۆ كوالێتی بەنزین بكات.

هەر لە كۆبونەوەكەدا باس لە دانانی سیستمی غاز بۆ مۆڵ و سیتی و باڵەخانە و ماڵان كرا و تەئكید لەوە كرایەوە كە دەبێت ئەو سیستمانە لەلایەن كۆمپانیای باوەڕپێكراوەوە دابنرێن و كۆمپانیاكە بەرپرسیارێتی تەواوی ئەو سیستمە لەرووی سەلامەتییەوە لە ئەستۆ بگرێت. لەم رووەشەوە بڕیاردرا كۆبونەوەیەكی تایبەت لەگەڵ كۆمپانیاكانی دانانی سیستمی غاز بكرێت و پابەندی سەرجەمی مەرج و رێنماییەكانی سەلامەتی بكرێن.