‘له‌سلێمانی تا ئێستاش ھاووڵاتییان ترسیان لە دۆخەکە ھەیە و نایانەوێت پارەکانیان بدەن بە زێڕ”


قەیرانی دارایی کە لە ساڵی ٢٠١٤ بە ھۆی بڕینی بەشە بوودجەی ھەرێم لە لایەن بەغداوە سەریھەڵدا لەگەڵ راگرتنی گەشتە ئاسمانییەکانی فڕۆکەخانەی سلێمانی کاریگەری گەورەی لەسەر بازاڕی زێڕنگەرانی سلێمانی دروستکرد، بەرپرسێکی زێڕنگەران دەڵێت تا ئێستاش ھاووڵاتییان ترسیان لە دۆخەکە ھەیە و متمانەیان نییە و نایانەوێت پارەکانیان بدەن بە زێڕ.

دلێر تاھیر، سەرۆکی سەندیکای زێڕنگەرانی سلێمانی، ڕایگه‌یاند: “بە شێوەیەکی گشتی بازاڕی زێڕ لەم کاتەدا سستە، ھۆکاری ئەوەش بە ھۆی کەمبوونەوەی توانای دارایی ھاووڵاتییانەوەیە، ھەرچەندە ئەو مووچەیەی دەدرێت بە مووچەخۆران تا رادەیەکی کەم جیاوازی کردووە لەچاو ساڵانی رابردوو، بەڵام تا ئێستاش ترسیان ھەیە و متمانەیان نییە بەوەی دۆخەکە وەک خۆی لێبێتەوە، بەم ھۆیەشەوە زیاتر پەنا بۆ ھەڵگرتنی پارەکانیان دەبەن لە بری ئەوەی خەرجی بکەن”.

ئەو وتی: “زێڕ لە تورکیا و کۆریا و وڵاتانی کەنداو و ئیتاڵیاوە ھاوردەی ھەرێمی کوردستان دەکرێت، بەڵام ھاوردەکردنی زێر بەراورد بە رابردوو زۆر کەمتر بووەتەوە”.

ئەو بەرپرسەی زێڕنگەرانی سلێمانی بازرگانێکی زێری لە سلێمانی بە نموونە ھێنایەوە و لە بارەیەوە وتی: “بازرگانێکی زێڕ لەم شارەدا پێشتر لە مانگێکدا چوار تا پێنج جار دەچووە دوبەی و ھەر جارێک زیاتر لە ١٠٠ کیلۆ گرام ئاڵتونی دەھێنا و ساغی دەکردەوە، بەڵام لە ئێستادا ھەمان بازرگان مانگی جارێک ھەندێک جاریش دوو مانگ جارێک دەچێت و ئەو ئاڵتونەی دەیھێنێت بۆی ساغ نابێتەوە”.

دلێر ئاماژەی بەوەش کرد کە لە سلێمانی ئافرەتان زیاتر خواستیان لەسەر جۆری زێڕی کەنداوە و عەیارە ١٨ خواستی زیاتری لەسەرە، بە پێچەوانەوە لە ھەولێر و دھۆک زیاتر داواکاری لەسەر زێڕی عەیارە ٢١ ھەیە.