چالاکی ھونەری له‌ سلێمانی به‌رێوه‌ده‌چێت

پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ لە ھۆڵی تەوار لە شاری سلێمانی بە ئامادەبوونی بەرپرسانی حکوومی و ھونەرمەندان و مامۆستایان و قوتابیانی پەیمانگەکە، چالاکی وەرزی ھونەری پەیمانگەی ھونەرە جوانەکانی سلێمانی ـ ناحکوومی بۆ بەشەکانی شێوەکاری و شانۆ و میوزیک بەڕێوەچوو، تێیدا ھەریەک لەو بەشانە چالاکییەکانی خۆیان لە پێشانگای شێوەکاری و گۆرانی و میوزیک و شانۆ پێشکەشی ئامادە بووانی ھۆڵەکە کرد.

سەرپەرشتیاری گشتی پەیمانگاکە، ھۆشیار حسێن محەمەد وتی: “پەیمانگەکە ماوەی شەش ساڵە دامەزراوە و ھاوشێوەی پەیمانگە حکوومییەکان خزمەت دەکات لە بواری پەروەردە و ھونەر لە بەشەکانی شانۆ و میوزیک و شێوەکاری، دەمانەوێت لەم رێگەیەوە رۆڵمان ھەبێت لە زیاتر کاراکردن و برەودان بە کاروانی رۆشنبیری لە شارەکەمان”.

ئەو وتی: “ساڵانە دوو چالاکی وەرزیمان ھەیە بۆ قوتابیانی پەیمانگە لە ھەرسێ بەشەکەدا و چالاکییەکانی خۆیان لە بوارەکانی شێوەکاری و میوزیک و شانۆ پێشکەش دەکەن”.

لە چالاکییەکەدا جگە کردنەوەی پێشانگایەکی شێوەکاری، چەندین چالاکی گۆرانی و میوزیک و شانۆیەکی کۆمیدی لەلایەن قوتابیانی پەیمانگاکەوە کە ژمارەیان ٧٠ قوتابییە پێشکەش کران.