دەستەی گەشتوگوزار هۆشداری دەداتە ژمارەیەک کۆمپانیا

دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان هۆشداری دەداتە کۆمپانیا گەشتوگوزارییە خەیاڵییەکان کە گەشتیار لە ناوەڕاست و خوارووی عێراق دەهێننە هەرێمی کورستان و هیچ باج و رسوماتێک نادەن، ئەمەش وا دەکات کە گەشتیاران کەمتر روو لە کۆمپانیا فەرمییەکان بکەن.

وتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان، نادر روستی وتی: “ماوەیەکە زانیاریمان هەیە کە ژمارەیەک کۆمپانیای وەهمی بە شێوەی گرووپ گەشتیار لە ناوەڕاست و خوارووی عێراقەوە دەهێنن بۆ هەرێمی کوردستان و لەئێستادا سەرقاڵی رێگریکردنین لەو بابەتە و ئەو کۆمپانیایەی فەرمیی نەبێت ئەوا رێگای پێ نادرێت ئەم کارە بکات”.

نادر روستی وتیشی: “بەشێک لە کۆمپانیاکان لە ژووری بارزگانی هەرێمی کوردستان مۆڵەتیان وەرگرتووە، بەڵام لە دەستەی گەشتوگوزار مۆڵەتیان وەرنەگرتووە، یاخود لێرەو لەوێ بەسەرپێچی کار دەکەن و ئێمە رێگرییان لێ دەکەین و شوێنەکەیان پێ دادەخەین، ئەوانەیشی کە کەموکوڕی لە مۆڵەتەکەیان هەیە ئەوا ناچاریان دەکەین کە کەموکوڕییەکانییان چاک بکەن، بۆ ئەوەی مافی هاووڵاتییان و گەشتیاران پارێزراوبێت”.

سەبارەت بە جیاوازی کۆمپانیا فەرمییەکان و کۆمپانیا خەیاڵییەکان لە کارکردن و چۆنیەتی شێوازی قۆرخکاریەکەش، نادر روستی وتی: “قۆرخکارییەکە ئەوەیە کە ئەو کۆمپانیایەی مۆڵەتی نییە، رسومات و باج نادات و هیچ ئەرکێکی لەسەرشان نییە، بەنرخێکی هەرزان گەشتیار دەهێنێتە هەرێمی کوردستان، ئەمەش وا دەکات گەشتیار روو لە کۆمپانیا فەرمییەکان نەکات و بەمەش زیانێکی زۆر بەر کۆمپانیا فەرمییەکان دەکەوێت”.

ناوبراو ئاشکرایشی دەکات کە لە ماوەی رابردوو چەند کۆمپانیایەک داخراون و رێکاری یاساییان بەرامبەر گیراوەتەبەر و وتی: “لەم ماوەیەدا ژمارەیەک کۆمپانیا لەسەر ئەم بابەتە سزادراون و شوێنەکانیان داخراوە، هۆشداریش دراوەتە ژمارەیەک لە کۆمپانیاکان بۆ ئەوەی کەموکوڕییەکانییان چاک بکەن و مۆڵەت وەربگرن، بە پێچەوانەوە شوێنەکانیان دادەخرێت”.

سەبارەت بە ژمارەی کۆمپانیا گەشتیارییەکان لە هەرێمی کوردستان، وتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان، نادر روستی گوتی: “لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە ٤٠٠ کۆمپانیا و نووسینگەی گەشتیاری هەیە کە گەشتیارانی ناوخۆیی دەبەن بۆ دەرەوە، ئەوانەیشی کە گەشتیاری دەرەوە دەهێننە هەرێمی کوردستان ئەوا ١٠٠ کۆمپانیا دەبن”.