روحانی: قبوڵی دەکەین کە خەڵک تووشی ئاستەنگی و ناخۆشی بووە لە ژیانی رۆژانەدا


سەرکۆماری ئێران، ‌حەسەن روحانی قبوڵی کرد کە ژیانی رۆژانەی خەڵك رووبەڕووی کێشە بۆتەوە، بەڵام ئەوان رووبەڕووی سزاسەپێندراوەکان دەبنەوە.

سەرکۆماری ئێران لە کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای وەزارەتی کار لە تارانی پایتەخت ووتەیەکی پێشکەشکرد و باسی لە بێکاری و دۆخی ئابووری خەڵک کرد.

حەسەن روحانی ئاماژەی بەوەدا کە لە سەردەمی حوکمڕانی ئەودا ژمارەی ئەو کەسانەی کار دەکەن لە ٢٠ ملیۆن و ٦٠٠ هەزارەوە بۆ ٢٤ ملیۆن کەس بەرزبۆتەوە و لە دوا خولدا بواری هەلی کاری بۆ ٦٠٠ هەزار کەس دەستەبەرکردووە، بەڵام بۆ دروستکردنی کاریگەریی، پێویستیان بەوەیە ئەو ژمارەیە بۆ یەک ملیۆن کەس بەرز بکەنەوە.

سەرکۆماری ئێران باسی لە کێشەی ئابووری و باروگوزەرانی خەڵکی کرد و وتی: “قبوڵی دەکەین کە خەڵک تووشی ئاستەنگی و ناخۆشی بووە لە ژیانی رۆژانەدا، بەڵام دەبێت بزانین کە لە هەلومەرجی سزای سەپێندراوداین. بە هۆی سزاکانەوە گەلەکەمان باردوخۆی ناهەمواربووە. بەتایبەت ئەوانەی مووچەی دیاریکراویان هەیە، رووبەڕووی ئاستەنگی بوونەتەوە”.