عێراق بووە ٣٧-ەمین وڵاتی جیهان لەڕووی یەدەگی زێڕەوە

ئەنجوومەنی جیھانیی زێڕ لە ئامارێکدا لەبارەی یەدەگی زێڕی وڵاتانی جیهان ئاشکرای کرد، یەدەگی عێراق لە زێڕ زیاترە لە ٩٦ تۆن.

لە میانی مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵ ئاماژەیان بەوە دابوو، عێراق لە ئەیلوولی ٢٠١٨ بڕی شەش تۆن و ٥٠٠ کیلۆگرام زێڕی کڕیوە و ئەمەش رێژەی ٦،٤ لەسەدی کۆی دراوەکانی دیکە پێکدەھێنێت.

ئەمڕۆ چوارشەممە ئەنجوومەنی جیھانیی زێڕ ریزبەندی ئەو وڵاتانە بڵاودەکاتەوە کە زۆرترین یەدەگیان لە زێڕ ھەیە و عێراقیش لە ریزبەندی ٣٧ەمین وڵاتدا ماوەتەوە لە کۆی ١٠٠ وڵات کە ئامارەکانی ئەو رێکخراوە دەریدەخەن.

هاوکات ئەنجوومەنی جیھانی زێڕ لەسەر ماڵپەڕی خۆی ئەوەشی بڵاوکردووەتەوە کە عێراق لە ریزبەندی ٣٧ەمیندایە لەنێو ١٠٠ وڵات کە رووپێوی و ئامارەکانی رێکخراوەکە دەیانگرێتەوە و لەنێو وڵاتە عەرەبییەکانیشدا عێراق پێنجەمین وڵاتە لەدوای ھەریەک لە سعوودیە، لوبنان، جەزائر و لیبیا.

ئەنجوومەنی جیھانیی زێڕ رێکخراوێکی جیھانیی تایبەتمەندە بە بازاڕەکانی زێڕەوە، بایەخ بە سەرجەم بوارەکانی زێڕ دەدات لەنێویاندا کانزاکاریی زێڕ و کارکردن تیایدا تا دەگاتە وەبەرھێنان لەم کەرتە، زۆر جار زانیاریی لەسەر یەدەگی جیھانیی زێڕ، نرخەکانی زێڕ، کاری زێڕنگریی و بەھای ئابووریی ئەم کانزایە دەکات، ھاوکات تێڕوانین و شیکردنەوەی خۆی بۆ بازاڕ و کڕین و فرۆشتنی زێڕ دەکات. ئەنجوومەنەکە لە کۆمپانیا گەورەکانی بواری کانزاکاریی زێڕ پێکدێت و لە ساڵی ١٩٨٧ دامەزراوە و بارەگای سەرەکیی لە لەندەنە.

لەدرێژەی راگەیەنراوەکەیدا، ئەنجوومەنی جیھانیی زێڕ باسی لەوەشکردووە کە یەدەگی وڵاتانی جیھان لە زێڕ بۆ مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵ بە بڕی ١٣٥ تۆن بەراورد بە کانوونی یەکەمی ساڵی ٢٠١٨ زیادیکردووە و بووەتە ٣٣ ھەزار و ٨٧٢ تۆن، ھەروەھا ئەوەشی روونکردووەتەوە کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ریزبەندی یەکەمی جیھانی وەرگرتووە لە رووی یەدەگەوە کە یەدەگی ئەو وڵاتە دەگاتە هەشت ھەزار و ١٣٣ تۆن، پاش ئەویش ئەڵمانیا بە بڕی سێ ھەزار و ٣٦٩ تۆن دێت.

عێراق لە سەردەمی شەڕی داعش رووبەڕووی قەیرانی دارایی بوویەوە و بەو ھۆیەوە چەند جارێک دەستکاری یەدەگی زێڕی کرد بۆ پڕکردنەوەی پێداویستییەکان.