لە ماوەی یەک هەفتەدا 136 ھەزار گەشتیار ھاتوونەتە ھەرێمی کوردستان

وتەبێژی دەستەی گشتیی گەشتوگوزاری ھەرێمی کوردستان وتی، بە مەبەستی بەشداریکردن لە ئاھەنگەکانی سەری ساڵ و یاریکردن لەناو بەفری ناوچە شاخاوییەکاندا لە ماوەی یەک حەفتەدا ١٣٦ھەزار کەس سەردانی ھەرێمی کوردستانیان کردووە.

نادر ڕۆستی، وتەبێژی دەستەی گشتیی گەشتوگوزاری ھەرێمی کوردستان، رایگه‌یاند: “بە مەبەستی کاتبەسەربردن و بۆ ئاھەنگی سەری ساڵ و یاریکردن لەناو بەفری ناوچە شاخاوییەکاندا، لە ماوەی ٢٥ی ١٢ تاکو ٣١ی ١٢ی ٢٠١٨ زیاتر لە ١٣٦ھەزار گەشتیار ھاتوونەتە ھەرێمی کوردستان”.

نادر ڕۆستی وتیشی: “بەراورد بە ھەمان کاتی ساڵی ڕابردوو ڕێژەی گەشتیاران ١٥٢% زیادی کردووە، لە ھەمان کاتی ساڵی پار ٥٤ ھەزار گەشتیار ھاتبوون”.

ڕۆستی باسی لەوەش کرد: “بەشی زۆری گەشتیاران لە خواروو و ناوەڕاستی عێراقەوە ھاتبوونە ھەرێمی کوردستان”.

ڕۆستی وتی: “بنکەکانی گەشتیاری (ھۆتێل و مۆتێل و گوندی گەشتیاری) پڕ ببوون لە گەشتیار”.

وتەبێژی دەستەی گشتیی گەشتوگوزاری ھەرێم ئاشکرایشی کرد: “ئەگەر ھەر گەشتیارێک بە لایەنی کەمەوە ٢٠٠ دۆلاری بۆ بازاڕەکانی ھەرێم ھێنابێت، ئەوە ٢٧ ملیۆن دۆلار ھاتووەتە بازاڕەکانی ھەرێمەوە، ئەمەش ھۆکارێکی باشە بۆ جووڵاندنی بازاڕەکان و بووژانەوەی ئابووریی ھەرێمی کوردستان”.