2018 ساڵی كەوتنی دراوە ئەلكترۆنییەكان بوو

ئەگەرچی لە 2017 بەهای دراوە ئەلكترۆنییەكان بەشێوەیەكی بەرچاو بەرز بووەوە، بەڵام لە 2018 بە رێژەی 90% بەهاكانیان لە دەستدا و بۆ كەمترین نرخ دابەزین. بڕیاری بانكەكانی ئەمەریكا و بەریتانیا هۆكاری سەرەكی دابەزینی نرخەكانیان بوو.

بە گشتی ساڵی 2017 دەكرێت وەك ساڵی دراوە ئەلكترۆنییەكان ناو ببردرێت دوای ئەوەی نرخەكانیان بە شێوەیەكی ئێجگار زۆر بەرز بوونەوە، بەڵام دوای ئەوەی لە مانگی شوبات/ فێبرایەری رابردوو بانكەكانی ئەمەریكا و بەریتانیا بڕیاریاندا كە مامەڵە بە دراوە ئەكلترۆنییەكان ناكەن، وردە وردە بەهاو نرخەكانیان بۆ كەمترین ئاست دابەزین.

بتكوین كە یەكێكە لە دراوە ئەلكترۆنییەكان لە ساڵی 2017 بەهاكەی گەیشتە 20 هەزار دۆلار، بەڵام لە كۆتایی ئەمساڵدا 80%ی بەهاكەی لە دەستدا و ئێستە نرخی چوار هەزار دۆلارە.

ئەگەرچی بەڕێژەیەكی بەرچاو دراوە ئەلكترۆنییەكان بەهایان لە دەستداوە، چاودێران بە دووری دەزانن جارێكی تر بتكوین و دراوە ئەلكترۆنییەكانی تر بتوانن متمانەی جارانیان بگەڕێننەوە و بەهایان لە داهاتوودا بەرز ببێتەوە. تەنانەت لەسەر ئاستی تاكەكانیش، ئێستە وەك جاران ئەو پێشوازییە گەرمە لە داروە ئەلكترۆنییەكان ناكرێت و زۆرێكیش لە بازرگانان و بانكەكانیش وەك پێشتر مامەڵەی پێوە ناكەن.

ئەو داكشانەی بەهای دراوە ئەلكترۆنییەكان دوای هات كە مانگی شوباتی رابردوو بانكەكانی ئەمەریكا و بەریتانیا، لەوانە بانك ئۆف ئەمەریكا و جی پی مۆرگان و گروپی سیتی گروپی دارایی و كاپیتاڵ وان و دیسكەڤەر لە ئەمەریكا، بانكی لویدز لە بەریتانیا، قەدەغەی كڕینی دراوە ئەلكترۆنییەكانیان بە بەكارهێنانی كارتی دڵنیایی بانكی راگەیاند، ئەمەش دەریخست كە دراوە ئەلكترۆنییەكان بە ئاسانی دەتوانرێت كۆنتڕۆڵ بكرێن تا ئاستی خنكاندن.

بەگوێرەی خەملاندنەكان ئێستە بە بڕی 100 ملیار دۆلار كڕین و فرۆشتن لە دنیادا بە دراوە ئەلكترۆنییەكان دەكرێت، دوای ئەوەی لە 2017 ئەو بڕە 600 ملیار دۆلار بوو، بەمەش 90%ی نرخەكانیان لە دەستدا.