ڤێتێرنەری ھەرێم: ھاوردەکردنی مریشکی بەستوو لە ٣١ وڵاتی جیھانەوە قەدەغە دەکرێت

بەڕێوەبەری گشتی ڤێتێرنەری ھەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت کە بە ھۆی مەترسیی سەرھەڵدان و بڵاوبوونەوەی ئەنفلۆنزای باڵندە، ھاوردەکردنی مریشکی بەستوو لە ٣١ وڵاتی جیھانەوە قەدەغە دەکرێت کە نزیکترینیان وڵاتی ئێرانە.

بەڕێوەبەری گشتی ڤێتێرنەری ھەرێمی کوردستان، دکتۆر جەمال ئاکرەییوتی: “بەردەوام لەگەڵ رێکخراوی تەندروستی جیهانی ئاژەڵ پەیوەندیمان هەیە و لەم مانگەشدا زانیاریمان بەدەست گەیشتووە کە لە چەند وڵاتێک ئەنفلۆنزای باڵندە تۆمارکراوە و ئێمەش وەک گرتنەبەری رێکاری پێویست، هاوردەی پەلەوەڕ و مریشکی بەستوو و هێلکە و مایۆنیز و بەرووبوومەکانی مریشک، هاوردەکردنیان بۆ هەرێمی کوردستان قەدەغە دەکەین”.

دکتۆر جەمال ئاکرەیی وتیشی: “لە ئێستادا لە ٣١ وڵاتەوە قەدەغەیە مریشکی بەستوو و بەرووبوومەکانی مریشک هاوردەی هەرێمی کوردستان بکرێت کە نزیکترینیان ئێرانە”.

بەڕێوەبەری گشتی ڤێتێرنەری ھەرێمی کوردستان روونیشیکردەوە کە ھاوردەکردنی مریشک لەو ٣١ وڵاتەوە تەنیا بۆ مریشک نییە بەڵکو سەرجەم باڵندە و بەرووبوومەکانیان دەگرێتەوە و قەدەغەکردنەکە تاوەکو ئەو کاتە دەبێت کە راپۆرتمان پێدەگات و دڵنیامان دەکاتەوە لە نەمانی نەخۆشییەکە.

لە لیستەکەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی سامانی ئاژەڵ و ڤێتێرنەری لە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، ناوی ئەو وڵاتانە هاتووە کە هاوردەکردنییان لێ قەدەغەکراوە بەشێکیان لەوانە بریتین لە، ئەفریقای باشوور، لاوس، تایوان، بۆرکینا فاسۆ، کۆریای باکوور، کۆریای باشوور، ئێران، میسر، ژاپۆن، سعوودیە، چین، رووسیا، مالیزیا، بولگاریا و کازاخستان.