سبەی لوتكەی جی 20 لە ئەرجەنتین دەست پێ ده‌كات

بڕیارە سبەی لوتكەی جی 20 لە ئەرجەنتین دەستپێ بكات و سەرۆكی ئەمریكاش لەگەڵ شازادەی سعودییە كۆنابێتەوە. 

(سارە ساندەرز) وتەبێژی كۆشكی سپی ڕایگەیاند، لە بەرنامەی (دۆناڵد ترامپ) دا نیە لەگەڵ (موحەمەد بن سەلـمان) جێنشینی پاشای سعودیە كۆببێتەوە، بەڵام لەگەڵ هەریەكە لە سەرۆكەكانی ئەرجەنتین و چین و كۆریای باشورو توركیاو ژاپۆن و هیندستان و ئەڵمانیا كۆدەبێتەوە.

هاوكات (مەولود چاوش ئۆغڵۆ) وەزیری دەرەوەی توركیا لە لێدوانێكیدا ڕایگەیاند، (موحەمەد بن سەلـمان) شازادەی جێنشینی سعودیە داوای كۆبوونەوەی لەگەڵ (رەجەب تەیب ئەردوگان) سەرۆك كۆماری توركیا كردووە لە لوتكەی جی 20.

ئاماژەی بەوەشكردووە، سەرۆك كۆماری توركیا لە وەڵامی (موحەمەد بن سەلـمان) دا پێی وتووە، با بزانن چۆن دەبێت و وەڵامی ئەرێنی نەداوەتەوە.

بەهۆی كوشتنی (جەمال خاشقچی) ڕۆژنامەنووسی سعودیە لە كونسوڵخانەی وڵاتەكەی لە ئیستەنبوڵ، سعودییە ڕووبەرووی فشارێكی نێودەوڵەتی فراوان بۆتەوەو ئاژانسە جیهانیەكانیش باس لەوە دەكەن كە جێنشینی سعودییە وەك بەرپرسی یەكەمی ئەو دۆسیە تۆمەتباركراوە.

لوتكەی جی 20 كە بڕیارە لە (29) ی ئەم مانگە لە ئەرجەنتین دەست پێ بكات و سێ ڕۆژ دەخایەنێت و سەرۆكانی 20 وڵاتی گەورەی پیشەسازی جیهان بەشداری تێدا دەكەن.