ژووری بازرگانی‌و پیشەسازی سلێمانی پرۆتۆکۆڵێک لەگەڵ ژوورە بازرگانیەكانی ئامەدو باتمان واژۆ دەكات

ژووری بازرگانی‌و پیشەسازی سلێمانی بەمەبەستی بەھێزکردنی پەیوەندییە بازرگانیەكانی پرۆتۆکۆڵی لێکتێگەشتنی لەگەڵ هەردوو ژووری بازرگانی ئامەد‌و باتمان واژۆکرد.

ئەمڕۆ 24 / 11، یاسین رەحیم، جێگری سەرۆکی ژووری بازرگانی‌و پیشەسازی سلێمانی‌و ئەندامانی ئەنجومەنی کارگێڕی ژوور پیێشوازیانکرد لەمحەمەد قایە، سەرۆکی ژووری بازرگانی‌و پیشەسازی ئامەدو، عەبدلقادر دەمیر سەرۆکی ژووری بازرگانی باتمان. 

لەکۆبونەوەکەدا یاسین ڕەحیم رایگەیاند: ئێمە خۆشحاڵین بەھاتنی ئەم شاندە گەورە بازرگانییە بۆ بەھێزکردنی پەیوەندیەکانمان، کە بەردەوام پەیوەندی دۆستانەو بەھێزمان ھەبووە‌و دەشمانەوێت ئەو پەیوەندیە ھەر بەردەوام بێت، خۆشحاڵین كە ئەمڕۆ زیاتر لە٧٠ کۆمپانیای ئامەد‌و باتمان هاتون بۆ ئەوەی پەیوەندیەکی پتەوی بازرگانی‌و پیشەسازی لەگەڵ بازرگانانی شاری سلێمانی دروست بكەن.

ڕاشیگەیاند “بەخۆشحاڵییەوە ئەمڕۆ پێكەوە پرۆتۆكۆلی لێكتێگەیشتن لەگەڵ ئێوە ئەنجامدەدەین بەمەبەشتی گەشەدان بەکاری ھاوبەشی نێوانمان‌و دروستکردنی رایەڵێك لەپەیوەندی تۆكمە لە نێوان ژوورە بازرگانیەکانمان، لەئەمڕۆوە ھەر بازرگانێک لە ئامەدو باتمانەوە پشتگیری بێنێت لەژووری بازرگانی سلێمانی هاوكاری دەكری‌و کارەکانی بۆ راییدەکرێت، لەسلێمانیشەوە بۆ لای ئێوە بەهەمانشێوە”.

یاسین رەحیم داوایکرد ئەم ژوورە بازرگانیانە کاربکەن بۆ لەپێناو دەستپێكردنەوە بەگەشتی فڕۆكەوانی لەنێوان توركیا‌و فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی تا جموجۆڵی بازرگانی‌و گواستنەوەی ھاوڵاتیان ئاسانكاری بۆ بكرێت‌و پەیوەندیە بازرگانی‌و ئابوریەکان بەرەو پێشتر بڕوات، ئێمە دەمانەوێت کاری بازرگانی نێوانمان بەھێزتر بێت”.

لەبەرامبەریشدا، محەمەد قایە، سەرۆکی ژووری بازرگانی‌و پیشەسازی ئامەد رایگەیاند “سەردانەكەمان بۆ شاری سلێمانی بەگرنگ دەزانین‌و دەمانەوێت کاری ھاوبەش بکەین‌و پەیوەندییە بازرگانیەكانمان لەگەڵ شاری سلێمانی بەھێز بکەین، واژۆكردنی ئەم پرۆتۆکۆڵی لێكتێگەیشتنە دەبێتە مایەی بەھێزکردنی پەیوەندیەکانمان”.

راشیگەیاند “ئێمە ئەموو هەوڵێك دەخەینە گەڕ بەمەبەستی دەستپێكردنەویەی گەشتە ئاسمانیەکانی توركیا بۆ فڕۆكەخانەی سلێمانی‌و بەپێچەوانەشەوە لەفڕۆكەخانەی سلێمانیەوە بۆ توركیا، كە هۆكاری بەهێزكردنی پەیوەندییە بازرگانیەكانی نێوانمان دەبێ‌‌و هیواخوازیشین گەشتی ئاسمانی لەنێوان ئامەدو باتمانیشدا دەستپێبكات”.

هەروەها عەبدلقادر دەمیر، سەرۆکی ژووری بازرگانی باتمان لەوتەیەکدا ڕایگەیاند “ئێمە ھاتوین دەمانەوێت بەپەرۆشەوە کاری بازرگانی لەگەڵ شاری سلێمانی بکەین‌و پەیوەندیەکانمان بەھێزبکەین‌و ھەوڵ دەدەین لەڕێگەی واژۆ كردنی ئەم پرۆتۆكۆلەوە بازرگانانی شارەکانمان ئاشنابن بە بازرگانانی سلێمانی تا بتوانن کاری ھاوبەشی زیاتر بکەن”.