سەرۆک کۆمار دکتۆر بەرهەم ساڵح داوای کاراکردنی ئەو یاسا و بڕیارە پەکخراوانەی کرد کە پشتیگریی لامەرکەزیی کارگێڕیی لەعيراق و دەستکرانەوەی دەسەڵاتی بەشە بودجەی پارێزگاکان دەکەن،گرنگیی گەشەپێدانی گەشتوگوزار و گەشتیاریی شوێنەوارەکانی لە پارێزگای زیقار و هەموو عێراق بەگشتیی دووپاتکردەوە.
ئەمڕۆ دووشەممە 15-10-2018 لە میانەی پێشوازیكردنی لە وەفدێكی پارێزگای زیقار بە سەرۆكایەتیی یەحیا محەمەد باقر ئەلناسریی پارێزگار بە هاوڕێیەتی ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگا و بەڕێوەبەرانی فەرمانگەكانی پارێزگاكە كە هاتبوون بۆ پیرۆزباییكردن لە سەرۆک کۆمار بە بۆنەی وەرگرتنی ئەركەكانی سەرۆكایەتیی كۆمار، هەروەها پارێزگار سەرۆک بەرهەم ساڵحیان بانگهێشت كرد بۆ سەردانی پارێزگاكەیان بە زوترین كات ، دوپاتیكردەوە پارێزگای زیقار سەرچاوەی سەرەكیی دەرامەتەكانی عيراقە، ستایشی رۆڵی درەوشاوەی رۆڵەكانی پارێزگاكەی كرد لە دەوڵەمەندكردنی شارستانیی عيراق و ناوچەكە بە درێژایی سەردەمەكان.
لەو دیدارەدا كە لە كۆشكی سەلام لە بەغداد بەڕێوەچوو سەرۆك كۆمار لە وتەكانیدا دووپاتیكردەوە: کەبە شەخسیی و بەبایەخەوە بەدواداچون دەكات بۆ كاركردنی جددی لە پێناوی گەشەپێدانی پارێزگاكانی عيراق، بە نیازیشە هاریكاریی باشی حكومەتی نوێ بكات لەم روەوە ، ئاماژەی بەوەشدا کە پێویستە بەشێوەیەکی داد پەروەرانە سامانەكانی وڵات دابەشبکرێت بەسەر هەموو ناوچەكاندا و گرنگی بدرێت بە گەشەپێدانیان لەروی ئابوریی و ئەمنییەوە بێت جیاوازیی، رونیشیكردەوە لە داهاتوودا بە خۆشحاڵیەوە سەردانی زیقار دەكات.
سەرۆك بەرهەم ساڵح ئەوەشی خستەروو كە چارەسەركردنی كێشەكانی كارەبا و ئاو و نیشتەجێكردن و نەهێشتنی بێكاریی و بونیادنانی خوێندنگاكان و دابینكردنی میلاكی ئاسایش لە ریزی پێشەوەی كارەكانە لە ماوەیەکی دیاریكراودا ، دووپاتیشیكردەوە نەهێشتنی ئەو رێژە بەرزەی بێكاریی كە لە ناو گەنجاندا هەیە پێویستی بە پرۆژەی ستراتیژییە هەیە، کە بە رەهەند ومەودای فراوانتر گەورە بکرێت، پاشان دەبێت لەڕوی جوگرافیی و ژمارەی دانیشتوان لێك بدرێتەوە و ئەژمار بكرێت.
سەرۆك كۆمار لە بەشێكی تری ووتەكانیدا بەگرنگیەوە جەختی لەوەکردەوە كە بایەخ دەدات بە پێشكەشكردنی پرۆژەی ئەو یاسانەی كە گەشەكردنی ڕاستەقینەی پارێزگاكان كارا و خێراتر دەكەن ،لەوروەشەوە یاسایی شارە پیشەسازییەكان و یاسایی جیاكردنەوەی دەسەڵاتەكانی نێوان حكومەتە نێوخۆییەكان و دەسەڵاتی فیدراڵیی بەبیر هێنایەوە ،هەروەها گرنگیی نوێنەرایەتیكردنی پارێزگاكانیشی لە ئەنجومەنی وەزیران خستەروو.
بەڕێزیان بە پەرۆشێكی زۆرەوە نوێنەرانی پارێزگاكانی لەئەنجومەنی نوێنەرایەتییەكان و لێپرسراوانی فەرمانگەی پارێزگاكانی بانگهێشت كرد بۆ هاریكاریی و دەست لەناو دەستكردنی یەكتر لە پێناوی كارا كردنی پرۆژە راگیراوەكان و دانانی پلانی ستراتیژیی بۆ گەشە پێدانی گەشتوگوزار و گەشتیاریی شوێنەوارەكان و چاككردنی زەوی و زارە كشتوكاڵییەكان و چارەسەركردنی كێشەكانی ئاو و مەترسی بە بیابان بون ،هاوكات ئاماژەیكرد بۆ گرنگیی ئامادەسازیی خێرا و بەپەلە بۆ فڕۆكەخانەی پارێزگاكە و دروستكردنی پاڵاوگەی زیقار.
لای خۆیشیانەوە سەرۆك و ئەندامانی وەفدەكە سوپاسی ئەو پێشوازیی و میواندارییە گەرموگوڕەی سەرۆك بەرهەم ساڵحیان كرد ، هاوكات كێشە و كۆسپەكانیان خستە رو كە پارێزگاكەیان بەدەستییەوە دەناڵێنێت لە ئاست و روی ئابووریی و وەبەرهێنان و ژینگە و خزمەتگوزارییەوە.






