سلێمانی: بۆ نەورۆز ناوچە گەشتیاریەكان دابەشكراون بۆ 6 زۆن

بەڕێوەبەرایەتی گشتی گەشت‌وگوزاری سلێمانی رایگەیاند كە ناوچە گەشتیاریەكانی شاری سلێمانییان دابەشكردووە بەسەر 6 زۆن‌و بۆ هەر زۆنێكیش خزمەتگوزاریەكانی ئاو‌و سەتڵی خۆڵ‌و تەوالێت دابین كراوە.
یاسین فەقێ‌ سەعید، بەڕێوەبەری گشتی گەشت‌و گوزاری سلێمانی بە(نها 24) ی راگەیاندوە: “دەستەی گشتی گەشت‌و گوزار زۆنە گەشتیاریەكانی دیاری كردووە‌و لەهەر زۆنێكیش خزمەتگوزاریە بنەڕەتیەكان دابینكراوە لەئاوی خواردنەوە‌و سەلەی خۆڵ‌و دەستشۆر‌و كیسەی خۆڵ‌و تەوالێت”.
یاسین فەقێ‌ سەعید وتی: “لەهەر زۆنێكدا بنكەیەكی گەشت‌و گوزار دادەنێین بەهاوكاری سەرجەم دام‌ودەزگا پەیوەندیدارەكان‌و رێنمایی تەواو دەدەین بەو گەشتیارانەی روودەكەنە ئەو شوێنانە”.
سەبارەت بەچۆنیەتی دابەشبوونی شوێنە گەشتیاریەكانیش وتی: “لەسنوری قەزای سلێمانی، سەیرانگاكانی دەباشان‌و ئەزمڕ‌و گۆیژە دیاری كراوە‌و لەسنوری قەزای دوكان قەشقۆڵی‌و لەقەزای قەرەداغیش گوندی باخان‌و بەشێك لەدارە زەر، لەدەربەندیخان چەمی دێوانە‌و دەستگیرەكە، لەهەڵەبجەی شەهید هاوینە هەواری چاوگ‌و گوڵان‌و لەسنوری قەزای پشدەریش گرد ئەستێر‌و لەرانیەش غاباتی رانیە”.
بەپێی ئامارەكان لەساڵی رابردوودا ملیۆنێك‌و 150 هەزار گەشتیار روویان لەهەرێمی كوردستان كردووە.