وەزارەتى کشتوکاڵ بڕیارێک بە زیانى کارگەکانى ئالیک دەدات



دوای 10 ساڵ لە قەدەغەکردنی، مانگی رابردوو جارێکی دیکە وەزارەتی کشتوکاڵ رێگەی بە هاوردەکردنی ئالیکی پەلەوەر دا. ئەوە لە کاتێکدا خاوەنى کارگەکانی ناوخۆ دەڵێن توانای دابینکردنی پێداویستیی ناوخۆیان لە ئالیک هەیە، تەنانەت بەشێکیشى لێ دەنێرنە عێراق.

بەپێی ئاماری وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، 1.389 پرۆژەی بەخێوکرنی پەلەوەری گۆشت هەن کە وزەی بەرهەمهێنانیان لەیەک وەجبەدا 19.234.195 مریشکە، هەر مریشکێک بۆ ئەوەی کێشەکەی بگاتە 2.5 کیلۆ، پێویستی بەخواردنی 4.5 کیلۆ ئالیکە کە ساڵانە دەکاتە 202 هەزار و 500 تۆن.

رەمەزان محەممەد، بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ لە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، دەڵێت: “ئێستا 26 کارگەی ئالیک لە هەرێمی کوردستان کاردەکەن، وزەی بەرهەمهێنانیان 435 تۆنە لە کاژێرێکدا. ئەمەش زۆر زیاترە لە پێداویستی کێڵگەکانی پەلەوەر لە کوردستان. ژمارەیەک لە کارگەکان ئالیک هەناردەی شارەکانی عێراقیش دەکەن، بۆیە پێویستمان بە هاوردەکردنی ئالیکی پەلەوەر نییە”.

رەمەزان محەممەد رەخنە لەو بڕیارەى وەزارەتەکەى دەگرێ کە مانگى رابردوو دەرچووە و دەڵێت: “ئێمە لەگەڵ بڕیاری رێگەپێدان بە هاوردنی ئالیک نین، چونکە کارگەکان هەلی کاریان بۆ سەتان خێزانی کورستان دابین کردووە. کواڵیتی بەرهەمەکەشیان زۆر باشە و لەژێر چاودێریی وەزارەتی کشتوکاڵدا بەرهەم دێت”.

بڕیارەکەى وەزارەتى کشتوکاڵ لە بەرژەوەندیى خاوەن کێڵگەکانى پەلەوەرە، چونکە ئەو ئالیکەى هاوردە دەکرێ، نرخى لەوەى خۆماڵى هەرزانترە.
حەیدەر فەرحان، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای پیشەسازیی پەلەوەر لە هەرێمی کوردستان، دەڵێت: “خاوەن کێڵگەکانی پەلەوەر تووشی زیانی زۆر بوون، داوای هاوردەکردنی ئالیک  لە ئێران و تورکیا دەکەن کە بەهۆی دابەزینی نرخی تومەن هەر تۆنێک بەگوێرەی کواڵیتی نزیکەی 75 تاوەکو 100 دۆلار کەمتر  دەکەوێت”. 

حەیدەر فەرحان نایەوێ لە بەرژەوەندیى خاوەن کێڵگەکانى ئالیک بدرێ، بۆیە پێیوایە وەزارەتى کشتوکاڵ پەلەى کردووە “پێویست بوو وەزارەتی کشتوکاڵ  لێژنەیەک پێکبهێنێ، لە تاقیگە کوالێتی ئالیکی تورکی و ئێرانى لەگەڵ ئالیکی خۆماڵی بەراورد بکردایە، ئەگەر رێژەی پڕۆتین و وزەی ئالیکی هاوردە هاوشێوەى ئالیکی خۆماڵی بوو، داوای دابەزینی نرخی لەخاوەن کارگەکان بکرایە، هەر کاتێک پابەند نەبوون ئینجا رێگەی بە هاوردنی بدایە”.

بارزان عەدنان، خاوەنی کارگەی ئالیکی باراش بۆ بەرهەمهێنانی ئالیکی پەلەوەر، دەڵێت: “توانای بەرهەمهێنانی کارگەکانی ئالیک لە کوردستان زۆر زیاترە لە پێداویستیی ناوخۆ، تەنانەت بەشێک لە کارگەکان ئالیک بۆ شارەکانی عێراقیش دابین دەکەن، بەڵام ئێستا بەهۆی وەرگرتنی گومرگ هەناردەکردنی ئالیک بۆ عێراق کەمبووەتەوە، دوای هەرزانبوونی نرخی مریشک و بڵاوبوونەوەی نەخۆشی، خاوەن کێلگەکانی کوردستانیش کەمتر مریشک بەخێو دەکەن، بۆیە بەرهەمهێنانمان بۆ نیوە کەمکردووەتەوە”.

ئەگەرچى خاوەن کێڵگەکان نووسراوێکیان ئاراستەی وەزیری کشتوکاڵ کردووە و داوایان لێکردووە بۆ پاراستی بەرهەمی ناوخۆ و دانەخستنی کارگەکان رێگە بە هاوردەکردنی ئالیکی تورکیا و ئێران نەدەن “بەڵام بۆ بەرژەوەندیی هەندێ کەس رێگەیان دا، سەرەتا وتیان رێگەپێدانەکە کاتی و دیاریکراوە، بەڵام ئێستا بەردەوامە “. بارزان وایوت.

وزەی بەرهەمهێنانی کارگەکەی عەدنان لەکاژێرێکدا 40 تۆنە، بەهۆی بێ بازاڕی و بەتایبەت دوای دانانی بازگە و وەرگرتنی گومرگ، ئێستا رۆژانە 8 کاژێر کار دەکات، 80%ى بەرهەمەکەی لە کوردستان دەفرۆشێت و بەشەکەی دیکەی  هەناردەی شارەکانی عێراق دەکات. 

بارزان دەڵێت : “گرنگترین پێکهاتەى ئالیک سۆیایە کە تورکیا و ئێرانیش وەکو ئێمە لە بەرازیل و ئەرجەنتینەوە هاوردەى دەکەن، نرخەکەشی بەگوێرەی بۆرسەی جیهانی دیاریکراوە، بۆیە کارگەکانی تورکیا و ئێران ئەگەر هاوکاریی حکومەتیان نەبێت، ناتوانن ئالیک بە کواڵیتی بەرز بەرهەم بهێنن و بەنرخی کەمتر لە ئێمە هەناردەی کوردستانی بکەن “.

بارزان دەڵێت، کارگەکانى ئێران تورکیا بۆ زیادکردنى رێژەى پڕۆتین لە ئالیکدا لەجیاتى سۆیا بەشێک لە پاشماوەی مریشک کە بریتییە لە رێخۆڵە و پەڕ و باڵ، بەکاردێنن کە نرخی تۆنێکی بە 150 دۆلارە، بەڵام ئێمە تەنیا سۆیا بەکاردێنین کە نرخی یەک تۆنی بە 500 دۆلارە، بۆیە داوا لە وەزارەتی کشتوکاڵ دەکەین تەنیا حیساب بۆ نرخ نەکەن، پشکنین بۆ پێکهاتەی ئالیکەکەش بکەن، ئەگەر ئالیکی تورکى و ئێرانى وەکو ئالیکی ئێمە کوالیتی بەرزە، ئێمەش ئامادەین نرخ دابەزێنین”.
 
قۆرخکاری لە نرخی ئالیکدا هەیە

ئازاد ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی سامانی ئاژەڵ و ڤێترنەری، لەبارەی هۆکارى بڕیارەکەى وەزارەت دەڵێت: “ئێمە لەسەر داوای خاوەن کێڵگەکانى پەلەوەر بۆ هاوسەنگکردن و دابەزاندنی نرخ، رێگەمان بە هاوردەکردنی ئالیکی پەلەوەر داوە، چونکە خاوەن کێڵگەکانى پەلەوەر بەهۆی دابەزینی نرخی مریشک هانایان بۆ ئێمە هێنا و داواى دابەزاندنى نرخى ئالیکیان کرد، ئێمەش لەگەڵ خاوەن کارگەکان قسەمان کرد، بەڵام ئەوان ئامادە نەبوون نرخ دابەزێنن، ئەویش بە بیانووى ئەوەى ئالیکەکەیان کوالێتى بەرزە، بەڵام بەگوێرەی بەدواداچوونى ئێمە ئەوان ئارد و برنجی بایەعی و چەند شتێکی دیکە بۆ ئامادەکردنی ئالیک بەکاردێنن”.

ئازاد ئەحمەد بەشێک لە گرانبوونى نرخى ئالیک بۆ خودى خاوەن کێڵگەکان دەگەڕێنێتەوە و دەڵێت: “ئەوان لە ترسى نەگەڕانەوەى پارەکانیان راستەوخۆ ئالیکەکە بە خاوەن کێڵگەکانى پەلەوەر نافرۆشن، بەڵکو بە کۆمەڵێک خەڵکی دەستڕۆیشتووی دەفرۆشن، بۆ هەر تۆنێکیش 50 دۆلار دەدەنە ئەو دەڵاڵانە، ئەوانیش بەهۆى ئەو هێزەی هەیانە پارەکانیان لەکاتی خۆیدا لە خاوەن کێڵگەکانی پەلەوەر بۆ وەردەگرنەوە، بۆیە پارەى دەڵاڵییەکەش دەچێتە سەر نرخى ئالیکەکە”.

ئازاد ئەحمەد ساڵ و نیوێک لەمەوبەر لەگەڵ خاوەنى کارگەکان دانیشتووە و داواى دابەزاندنى نرخى لێکردوون، ئەوان بەڵێنیان دا نرخ دابەزێنن، بەڵام دواتر بەڵێنەکەیان نەبردە سەر. بۆیە لەسەر داواى خاوەن کێڵگەکانى پەلەوەر رێگەیان بە هاوردەکردنى 50 هەزار تۆن ئالیک داوە.

ئازاد دەڵێت “ئەوان قۆرخکارى لە نرخى ئالیکدا دەکەن، هەر کاتێک ئامادەبوون نرخ دابەزێنن، ئێمە هاوردەکردنی ئالیک رادەگرین، بەپێچەوانەشەوە بەردەوامدەبین”.