نرخی یک بەرمیل نەوتی خاوی برێنت گەیشتە سەرووی ٨٢ دۆلار


بە ھۆی مەترسییەکان لە بارەی کەمکردنەوەی خستنەڕووی نەوتی خاو لە بازاڕەکانی جیھاندا، نرخی یەک بەرمیل خاوی برێنت گەیشتە نرخی چوار ساڵی رابردوو و لە سەروو ٨٢ دۆلارەوە مامەڵەی پێوەکرا.

چاوەڕوان دەکرێت لە مانگی داھاتوودا، ئەمریکا گەڕی دووەمی سزاکان تایبەت بە پیشەسازی، نەوت و غاز بەسەر ئێراندا بسەپێنێت، ئەمەش دوای ئەوەی گەڕی یەکەمی سزا ئابوورییەکانی لە شەشی مانگی ئابی رابردوودا بەسەردا سەپاندبوو.

لە کاتژمێر ٠٧:٢٣ نرخی یەک بەرمیل خاوی برێنت لە بازاڕەکاندا بەرزبوونەوەی بەرچاوی تۆمارکرد و بە ٨٢ دۆلار و ٨٨ سەنت مامەڵەی پێوەکرا.

بەرزترین نرخی یەک بەرمیل خاوی برێنت کە لە کۆتایی مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠١٤ تۆمارکرابوو، ٨٢ دۆلار و ٩٠ سەنت بوو.

بەھەمان شێوە نرخی خاوی ئەمریکی لە بازاڕەکاندا بەرزبووە و بە ٧٩ دۆلار و ٣٩ سەنت مامەڵەی پێوەکرا.

مانگی رابردوو، وڵاتانی ئەندام لە ئۆپێک و بەرھەمھێنەرانی سەربەخۆ لە کۆبوونەوەیەکدا کە لە جەزائر بەڕێوەچوو رایانگەیاندبوو کە نەوتی زیاتر ناخەنە بازاڕاوە.