ئەمریکا فڕۆکەی F-35B بۆ یەکەم جار بەکارهێنا

ئەمریکا بەردەوامە لەپەرەپێدانی ھێزی ئاسمانی وڵاتەکەی و لەو چوارچێوەیەشدا فڕۆکەی جەنگی F-35B ی تاقیکردەوە و یەکەم چالاکی لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست ئەنجامدا و مۆڵگەی گروپە تیرۆریستییەکانی کردە ئامانج.

 ھێزە دەریاییەکانی ئەمریکا و چەند  ئەفسەرێکی ھێزی بەرگری ئەمریکا رایانگەیاند، ڕۆژی پێنج شەممە، ھێزی ئاسمانی ئەمریکا بۆ یەکەمجار لە ڕێگای بەکارھێنانی فڕۆکەی F-35B، ھێرشیان کردە سەر مۆڵگەیەکی تیرۆرستانی تاڵیبان لە ئەفغانستان.

بەپێی راگەیەندراوێکی ھێزە دەریاییەکانی ئەمریکا، لەمیانەی چالاکییەکدا فڕۆکەی F-35B بە ھاوکاری لەگەڵ ھێزی زەمینی ئەمریکیدا ھێرشێکیان بۆ سەر مۆڵگەیەکی تاڵیبان لە ئەفغانستان ئەنجامدا و ھێرشەکەش سەرکەوتووبووە.

ئەم جۆرە فڕۆکەیە بەھیزترین و گرانترین جۆری فرۆکەیە لەمێژووی ئەمریکا، ئەوەش بەھۆی ئەوەی بەھێزترین جۆری چەکی لەسەر جێگیرکراوە و لە نوێترین جۆری ئامێری پێشکەوتووی تێدا بەکارھێنراوە.

(لۆکھید مارتن)بەڵێندەری کۆمپانیای وەبەرھێنی فرۆکەکەش باسی لەوەکردووە: “فڕۆکەی F-35B خێراییەکەی لە سەروی خێرایی دەنگەوەیە، بزوێنەرەکەی زۆرترین بەرگەگرتنی ھەیە، بەھۆی خێراییەکەیەوە رادارەکان ناتوانن ھەستی پێبکەن.”

فرۆکەی F-35B سێیەمین جۆری F-35 و تاکە جۆریانە کە دەتوانێت بەشێوەی شاوڵی (وەک ھەلیکۆپتەر) بنیشێتەوە وبە بەراوورد لەگەڵ فڕۆکە جەنگییەکانی تردا، کەمترین مەودای پێویستە بۆ ئەوەی دەست بە فڕین بکات.

F-35B بە فڕۆکە دڵخوازەکەی سەرۆکی ئەمریکا (دۆناڵد ترامپ) دادەنرێرت و چەند جارێک بە (نەبینراو) وەسفی کردووە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە ئەم جۆرە فڕۆکەیە بەھۆی خێراییەکەی و ئەو سستمە پێشکەوتووانەی تێیدا بەکارھاتوون ئەستەم دەبێت بۆ رادارەکان کە ئاشکرای بکەن.