یادی ٥ ساڵەی کارکردنی ھێڵی ئاسمانی قەتەری لەگەڵ فرۆکەخانەی سلێمانی کرایەوە


لە رێوڕەسمێکدا یادی ٥ ساڵەی کارکردنی ھێڵی ئاسمانی قەتەری لەگەڵ فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانیدا کرایەوە.

لە رێوڕەسمەکەدا تاھیر عەبدوڵا بەڕێوەبەری گشتی فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی ، لەکۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا  ، خۆشحاڵی خۆی دەربڕی کەماوەی ٥ ساڵە ھێڵی ئاسمانی قەتەری گەشتەکانی لەڕێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانیەوە بۆ ١٦٠ وڵات ئەنجام دەدات،  ھەفتانەش جگە لەگەشتی کارگۆ نزیکەی ٥ گەشتی نەفەر ھەڵگر ئەنجام دەدات.

 بەپێچەوانەی ھەندێک ھێڵی ئاسمانی تر ،  لەماوەی ڕابردوودا گەشتەکانی بۆ فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی بەردەوامی ھەبووە،  بەوەش توانیویەتی خزمەتێکی گەورەی ئەو ھاوڵاتی و گەشتیارانە بکات کەلەڕێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانییەوە گەشت دەکەن.

ھەر لە کۆنفرانسەکەدا تاھیر عەبدوڵا ئاماژەی بەوەشکرد، فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی لەڕووی ستانداردای جیھانیەوە لە ئاستێکی باشدایەو  بەوەش بۆتە جێگەی متمانەی ھێڵەکانی فڕۆکەوانی لەسەر ئاستی کۆمپانیا بەناوبانگەکانی جیھان.

 ھاوکات ئازاد حەمە ئەمین سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لە وتەیەکدا ڕایگەیاند ، پێویستە لایەنە پەیوەندی دارەکانی عێراق ھاوکاربن ، لەڕێکخستنەوەی گەشتەکانی ئەو کۆمپانیایانەی کەگەشتکردنیان لەڕێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانیەوە ڕاگرتووە ، ئاماژەی بەوەشکرد ئەوانیش وەک ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لەماوەی ڕابردوودا ،  بۆ چارەسەر کردنی ئەو گرفتە لەھەوڵەکانیان بەردەوام بوون. 

لەلایەکی ترەوە ، سەرکۆ بەرزنجی بریکاری  کۆمپانیای قەتەر ئێروەیس لە عێراق لەکۆنفرانسە ڕۆژنامەوانییەکەدا ڕایگەیاند ، ساڵانە  کۆمپانیاکەیان (٢٥٢٠ ) گەشتی ئەنجامداوە و توانیوێیەتی لەماوەی پێنج ساڵی ڕابردوودا  (٧) ملیۆن گەشتیار لەڕێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانییەوە بۆ وڵاتانی جیھان بگوازێتەوە ، لەپلانی داھاتووی کۆمپانیاکەیاندایە  ، لەماوەیەکی نزیکدا ڕۆژانە لەڕێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانییەوە دوو گەشت ڕێک بخات .