سێ کچی دەرچووی زانکۆ ئاژەڵ بەخێو دەکەن




سێ کچی گەنج-ی دەرچووی بەشی ڤێتێرنەری لە گوندێکی خانەقین پرۆژەی کێڵگەی ئاژەڵدارییان دەستپێکرد و پەیامیشیان بۆ گەنجان ئەوەیە، کە پشت بەخۆیان ببستن و پرۆژەی تایبەت بەخۆیان دروست بكەن بۆ گەشەدان بە ئابووریی و بەرهەمی ناوخۆ.

سێ کچی دەرچووی بەشی ڤێتێرنەری بە ناوەکانی (نورە سەباح، مەروە سەباح، نور ساڵح) دوای تەواکردنی زانکۆ، چاوەرێی دامەزراندنیان لە دامودەزگا حکومییەکاندا نەکرد، بەڵکو خۆیان دەستان بە بەخێوکردنی ئاژەڵ کرد.

ئەو سێ دەرچووەی زانکۆ خەڵکی شارۆچکەی خانەقین-ی پارێزگای دیالەن و پرۆژەکەیان لەژێر ناوی (کێڵگەی ئاژەڵداریی)لە گوندی مێخاس-ی سەر بە خانەقین ڕاگەیاند.  

خاوەنانی پرۆژەی کێڵگەی ئاژەڵداریی، لە شارۆچکەی خانەقین دەژین و لە کڕینی ئاژەڵەکاندا ڕێکخراوێکی جیهانیی هاوکاریی کردوون و ئەو زەوییەش ئاژەڵەکەی تێدا بەخێودەکەن، زەوی ماڵی یەکێک لە گەنجەکانە.

ئەگەرچی ئێستا بە باخێوکردنی نزیکەی ٢٠ سەر مەڕ دەستیان پێکردووە، بەڵام بە بەردەوامییان دەتوانن پرۆژەکەیان زیاتر فراوان بکەن.

ئەو کارەی ئەو گەنجانە دەیکەن، هاندەریک دەبێت بۆ گەنجانی دیکەش تا بتوانن بە پێی پسپۆریی خۆیان دەست بە کاری هەرەوەزیی بکەن و تەنیا لەناو فەرمانگە حکومییەکاندا خۆیان سنووردار نەکەن، هەروەها هۆکارێکی باش دەبن بۆ پەرەدان بە بەرهەمی ناوخۆ و دوورکەوتنەوە لە پشت بەستن بە بەرهەمی دەرەکیی.

نورە سەباح، یەكێكە لە هاوبەشكانی پرۆژە ئاژەڵدارییەكە و وتی: پرۆژەكانی ئاژەڵداریی لە عێراق گرنگییی پێنادرێت و كەمن، بۆیە داواكارم لە سەرجەم دەرچوانی پزیشكی ڤیترنەریی پرۆژەی تایبەت بە خۆیان دروست بكەن لە بواری كێڵگەی ئاژەڵداریی و پەلەوەر.

نورە، هیواشی خواست، کە گەنجان چاوەڕێی دامەزراندن نەبن و پرۆژەی سەربەخۆی خۆیان دروست بكەن و وتیی: ئەگەر هەموومان لە ماڵەوە دابنیشین بەرهەمی ئاژەڵداریی و كشتوكاڵیی و بەرهەمەكانی تری وڵاتەكەمان گەشە بەخۆیەوە نابینێت بۆیە دەبێت گەنجان دەست پێشخەری بكەن بۆ دامەزراندنی پرۆژەكانی خۆیان.

هەروەها، مەروە سەباح، تیشکی خستە سەر کەمی کارکردنی ژنان و وتی: بەشێوەیەكی گشتیی لە كۆمەڵگای ڕۆژهەڵاتیی ژنان بەكەمی كار دەكەن، بەڵام ئێمە نەمانویست دانشین لەماڵەوە و بێ كار ببین بۆیە هەستان بە ئەنجامی ئەم پرۆژەیە و دڵنیان كە سەركەوتوو دەبین تێیدا.

نور ساڵح، هاوبەشێكی تری پرۆژەكەیە و وتی: ئێمە لەڕێگای دروستكردنی ئەم پرۆژەیە پەیامێكمان هەیە بۆ گەنجان و دەرچوان، ئەویش ئەوەیە كە چاوەڕێی دمەزراندن نەبن و پشت بەخۆیان ببستن و پرۆژەی تایبەت بەخۆیان دروست بكەن، هەروەها پەیاممان تایبەت بۆ ژنان ئەوەیە، كە لەماڵەوە دانەنیشن و كاری تایبەت بەخۆیان ئەنجام بدەن.

جێگای ئاماژەیە، لە ئەمساڵدا و بە پێشەنگایەتیی ژنان ئەمە دووەمین پرۆژەی کشتوکاڵیی و ئاژەڵدارییە، کە لە هەرێمی کوردستان خوێنداکران و دەرچوانی زانکۆ ئەنجامی دەدەن و لە شارەزووریش ١٢ گەنج، کە پێکهاتوون لە ١٠ ژن و دوو پیاو، بەشێکیان کۆلێژی کشتوکاڵیان تەواوکردووە و بەشێکیشیان هێشتا خوێندکارن، گروپێکیان دروستکرد و بڕیاریاندا بە هەرەوەزیی دەست بە کشتوکاڵکردن بکەن و گەشەی پێبدەن، بۆیە ناوی گروپەکەشیان نا (گەشەپێدانیی کشتوکاڵیی) و لەسەر ڕووبەری ١٠ دۆنم زەوی پرۆژەکەیان دەستپێکرد.