گۆڤاری بلومبێرگ: رێژەی هەڵاوسان لەتوركیا لەمساڵدا % 17ی تێپەڕاندووە


گۆڤاری بلومبێرگ، بڵاوی كردوەتەوە، رێژەی هەڵاوسان لەمساڵدا لە توركیا % 17 ی تێپەڕاندوەو بەهای لیرەش چاوەڕێی گەردەلولێكی تر دەكات.

بەپێی توێژینەوەیەك، كە گۆڤاری بلۆمبێرگ دوێنێ یەكشەممە بڵاوی كردوەتەوە، تەنیا لەمساڵدا رێژەی هەڵاوسان لە توركیا % 17ی تێپەڕاندوە، هەروەك دابەزینی نرخی لیرەی توركیش بۆئەوە دەگەڕێتەوە، كە بانكی ناوەندی ئەو وڵاتە رازی نەبووە رێژەی سودی بانكی  بەرز بكاتەوە، بەپێی ئامارەكانیش بەرپرسانی توركیا نەیانتوانیوە لە كاتێكی دیاریكراودا رێژەی هەڵاوسان كۆنتڕۆڵ بكەن.

وابریاریشە رۆژی سیانزەی ئەم مانگە بانكی ناوەندی توركیا سیاسەتی نەختینەیی خۆی سەبارەت بە بەرزكردنەوەی رێژەی سوود رابگەیەنێت و پێشبینیش دەكرێت، ئەگەر نرخی سوودی بانكی بەرز نەكرێتەوە جارێكی تر لیرەی توركی دابەزینی گەورە بەخۆیەوە ببینێت.