ئەوروپا هۆشداری ده‌داته‌ ئەمریكا ده‌رباره‌ی زیادكردنی باج له‌سه‌ر ئۆتۆمبیل

یەكێتیی ئەوروپا وەڵامی هەر بریارێكی ئەمریكا بۆ زیادكردنی باج بەسەر كاڵا هاوردەكراوەكان دەداتەوە.

لەوبارەیەوە جان كلود یونكەر سەرۆكی كۆمسیۆنی ئەوروپا لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا وتی: یەكێتیی ئەوروپا وەڵامی هەر بڕیارێكی ئەمریكا دەداتەوە كە باج بەسەر ئۆتۆمبیلی هاوردەكراو بۆ وڵاتەكەی بسەپێنێت.

سەرۆكی كۆمسیۆنی ئەوروپا وتیشی: ئەگەر لەكاتێكدا دۆناڵد ترەمپ باجی زیاتر بسەپێنێت بەسەر ئۆتۆمبیلی ئەوروپی هاوردەكراو بۆ ئەمریكا هەروەك بەم دواییە ئاماژەی پێكردووە، ئەوا ئەوانیش هەمان كار دەكەن و وەڵام دەدەنەوە.

پێشتر سیسیلیا مالمسترۆم كۆمسیاری یەكێتیی ئەوروپا بۆ كاروباری بازرگانی تەئكیدی كردەوە یەكێتیی ئەوروپا ئامادەیە بۆ هەڵوەشاندنەوەی باجی سەر ئۆتۆمبیلە هەناردەكراوەكان و سەرجەم باجی كاڵاكانی دیكە ئەگەر ئەمریكاش هەمان شت بكات.