نرخی لیرەی تورکی دابەزی


بەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە، نرخی لیرەی تورکی لە بازاڕی مامەڵەی دراوی تورکیا دابەزینی بەخۆیەوە بینی و نرخی دۆلارێکی ئەمەریکی گەیشتە ٦.٣٨ لیرەی تورکی.

میدیاکانی تورکیا بڵاویانکردەوە بەیانی ئەمڕۆ بەهای لیرەی تورکی دابەزینی بەخۆیەوە بینیوە و ١٠٠ دۆلاری ئەمەریکی بە ٦٣٨ لیرەی تورکی مامەڵەی پێوەکراوە، ئەمە لە کاتێکدا ڕۆژی سێ شەممە جارێکی دیکە لیرەی تورکی دابەزی و ١٠٠ دۆلار بە ٦٢٠ لیرە مامەڵەی پێوەکرا.

میدیاکانی تورکیا ئاماژەیان بەوەشکردووە هۆکاری دابەزینی نرخی لیرە پەیوەندی بە بڕیارێکی بانکی ناوەندی تورکیاوە هەیە کە ڕێژەی سوودی بانکەکان زیاد بکات.

ماوەی دوو مانگە بەهۆی کێشەی قەشە برۆنسن-ەوە پەیوەندیەکانی نێوان ئەمەریکا و تورکیا گرژی بەخۆیەوە بینیوە، ئەمەش کاریگەری ڕاستەوخۆی کردوەتە سەر دابەزاندنی بەهای لیرە.