رووسیا وێستگەیەکی نوێی ئەتۆمی لە ئێران بنیات دەنێت



وەزیری وزەی ئێران، رەزا ئەردەکانیان رایگەیاند کە وڵاتەکەی و رووسیا گفتوگۆیان لە بارەی بنیاتنانی وێستگەیەکی نوێی ئەتۆمی لە ئێران دەست پێکردووە.

رەزا ئەردەکانیان ئاماژەی بەوەشداوە، ئەو وێستگە نوێیە ئەتۆمییەى کە لە لایەن رووسیاوە لە ئێران بنیات دەنرێت، توانای بەرھەمھێنانی سێ ھەزار میگاواتی کارەبای دەبێت.

وەزیری وزەی ئێران، زانیاری زیاتری لەوبارەیەوە نەخستووەتە ڕوو، بەڵام رایگەیاندووە کە وڵاتەکەی پلانی داناوە، توانای بەرھەمھێنانی کارەبا لە وزەی ئەتۆمی زیاد بکات.

رەزا ئەردەکانیان نەیشاردووەتەوە کە وڵاتەکەی وێستگەی ئەتۆمی ھەیە کە توانای ھەزار میگاواتی کارەبا بەرھەم دەھێنتێت.

ئەمەش لە کاتێکدایە پێشتر رووسیا وێستگەی ئەتۆمی “بوشەھر ـ ١” لە باشووری رۆژھەڵاتی ئێران بنیات نابوو کە لە ساڵی ٢٠١٣ خرایە کارو کە بە توانای ھەزار میگاواتی کارەبا بەرھەم دەھێنێت.

ھەروەھا رووسیا لە ساڵی ٢٠١٧، وێستگەی ئەتۆمی “بوشەھر ـ ٢”ی لە ئێران بنیات نابوو.