عێراق ده‌بێته‌ گه‌وره‌ترین بازاڕی‌ كاڵاكانی‌ توركیا

بانكی‌ ناوه‌ندیی توركیا ئاشكرایكرد، پێده‌چێت ئه‌مساڵ عێراق نازناوی‌ گه‌وره‌ترین بازاڕی‌ كاڵاكانی‌ توركیا له‌ئه‌ڵمانیا وه‌ربگرێت.
(ئاردیم باشچی‌) پارێزگاری‌ بانكی‌ ناوه‌ندیی توركیا به‌كه‌ناڵی‌ (سی ئێن بی سی) ئه‌وروپای‌ ڕاگه‌یاندووه‌، پێده‌چێت عێراق ئه‌مساڵ ببێته‌ گه‌وره‌ترین بازاڕی‌ كاڵاكانی‌ توركیا، به‌وه‌ش عێراق نازناوی‌ گه‌وره‌ترین بازاڕی‌ كاڵاكانی‌ توركیا له‌ئه‌ڵمانیا وه‌رده‌گرێت.
پارێزگاری‌ بانكی‌ ناوه‌ندیی توركیا ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌شكرد، به‌پێچه‌وانه‌ی‌ ئه‌وروپای‌ قه‌رزداره‌وه‌، ئێستا عێراق بازاڕێكی‌ گه‌رمی كۆمپانیا توركییه‌كانه‌ له‌هه‌موو بواره‌كاندا.
باشچی‌ ڕوونیكرده‌وه‌، هه‌نارده‌ی‌ توركیا له‌و چه‌ند ساڵه‌ی‌ ڕابردوودا بۆ ئه‌وروپا كه‌میكردووه‌.
هه‌نارده‌ی‌ توركیا بۆ عێراق له‌ساڵی‌ 2012دا گه‌یشته‌ نزیكه‌ی‌ یانزده‌ ملیار دۆلار، هه‌ر هه‌مان ساڵ، ئاستی‌ هه‌نارده‌ی‌ توركیا بۆ ئه‌ڵمانیا به‌شێوه‌یه‌كی‌ به‌رچاو دابه‌زی‌.