سلێمانی: چاودێری کەرتی تەندروستی و دەرمان دەستی پێکرد

بەمەبەستی روبەرو بونەوەی کەموکورتییەکانی بواری تەندروستی بەتایبەت دەرمانخانەکان لە شاری سلێمانی، لیژنەیەکی تایبەتمەند و پسپۆڕی بوارەکە بۆ چاودێری نرخ و کوالێتی دروست دەکرێت و سەربە لیژنە ھاوبەشەکانی قائیمقامیەتی سلێمانی دەبێت.
ڕۆژی ٢٠١٨.٥.٢٩، ئاوات محەمەد لەدیوانی قائیمقامییەتی سلێمانی لەگەڵ بەڕێوەبەرەکانی تەندروستی و چاودێری بازرگانی و کوالێتی کۆنترۆڵ و نوێنەری ئاسایشی سلێمانی کۆبوەوە، لە کۆبونەوەکەدا باس لەو کێشە و گیروگرافتانە کرا روبەروی کەرتی تەندروستی دەبێتەوە.
لەکۆبونەوەکەدا قائیمقامی سلێمانی رایگەیاند؛ ھەموو ئەو کارو پیشانەی پەیوەندی بە ژیانی ھاوڵاتیانەوە ھەیە، قائیمقامیەتی سلێمانی لیژنەی بۆ سەردان و پشکنینی کاڵاوشمەک و خزمەتگوزارییەکانی پێک ھێناوە، ئاوات محەمەد ووتی؛ پاش دروستبوونی لیژنە ھاوبەشەکان، ئاماری مانگانەی لیژنەکان ئەو راستیە دەردەخات کە رێژەی سەرپێچی کردن لەلایەن خاوەن دوکان و شوێنە گشتیەکان کەم بۆتەوە.
 
 
ووتیشی؛ بەھەموو لایەکمانەوە ھەوڵ دەدەین لیژنەیەکی تایبەتی پسپۆڕ بەبواری کەرتی تەندروستی پێک بەَنین تا لە رووی کوالێتی و نرخەوە دڵنیا بینەوە لەو دەرمانانەی ھاوڵاتیان بەکاری دەھێنن، لیژنەکەش لە نوێنەرەکانی بەرێوەبەرایەتی تەندروستی، چاودێری بازرگانی، کوالێتی کۆنترۆڵ و ئاسایشی سلێمانی پێک بھێنرێت.
ھەرلەکۆبونەوەکەدا د. سەباح ھەورامی، بەرێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی ووتی؛ بەھەموو لایەکمانەوە پشتیوانی تەواوی ئەو لیژنە تایبەتە دەکەین کە کار بۆ کۆنترۆڵکردنی بواری تەندروستی و نرخ و کوالێتی دەرمان دەکات.