سەرۆکی ژوور: ساڵانە زیاتر لە ٢٥ ملیار دۆلار لەکوردستانەوە دەچێتە دەرەوە

سیروان محه‌مه‌د، سه‌رۆكی ژووری بازرگانی و پیشه‌سازیی سلێمانی، لە گفتوگۆیەكی تایبەتی (باس)دا چەندین بابەتی گرنگی ئابووری دەخاتە ڕوو. روونیشی دەكاتەوە، دۆخی سیاسی و گۆڕینی پارێزگارەكان كاریگەریی لەسەر ئابووری و بازڕی سلێمانی كردووە.


سەرەتا ئاماژەی بەوە دا، بەهۆی پاشەكەوتی مووچە و وەستانی پڕۆژەكان و قەیرانی داراییەوە، سستییەك لە بازاڕ دروست بووە، گوتی: “بەهۆی پاشەكەوتی مووچە و كارنەكردنی پڕۆژەكان، جووڵەی بازاڕ سستە، ئەوەیشی پارەی هەیە پارێزگاری لە پارەكەی دەكات و شت ناكڕێت، بەڵام هێواش هێواش دۆخەكە بەرەو باشی دەچێتەوە”.


پێیشی وایە، بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و باشبوونەوەی پەیوەندییەكانی هەولێر و بەغدا و وڵاتانی دراوسێ و دەستكاریكردنی رێژەی پاشەكەوت كاریگەریی هەبووە لەسەر بازاڕ، گوتیشی: “بەڵام خەڵك زۆرتر دەست بە پارەوە دەگرن و متمانەیان نییە”.


جەختیش دەكاتەوە: “بەهۆی بێمتمانەیی بە بانكەكان، خەڵكێكی زۆر پارەی نووستوویان هەیە و لە ماڵەوە دایانناوە، نەبوونی متمانەكردن بە بانك وای كردووە خەڵك و بازرگانان پارەكانیان بخەوێنن و نەیبەنە بانك”.


باوەڕیشی وایە، بێمتمانەیی بە بانك كارگەریی خراپی ئابووریی بۆ سەر هەرێمی كوردستان هەبووە: “لە وڵاتی ئێمەدا كۆمپانیای هاوبەشی و پشك نییە، ئەگەر هەبوایە خەڵك پارەی تیا دادەنا و ساڵانە قازانجی لێ دەكرد، بۆیە هیوادارین حكوومەت هەرچیی پڕۆژەی ستراتیژی هەیە بیكاتە پشکداری، بۆ ئەوەی پارەی خەڵك بخرێتە نێو ئەو كارانەوە و ساڵانە قازانجی خۆیان وەربگرن”.


سیروان محه‌مه‌د لە قسەكانیدا ئاماژەی بەوەش دا، كە زیادبوون وو بەهێزبوونی پەیوەندیی بازرگانیی وڵاتانی دراوسێ لەگەڵ هەرێمی كوردستان بە زیانی ئابووریی كوردستان تەواو دەبێت، دەشڵێت: “پارەی ئێمە دەڕواتە دەرەوە، بازاڕی عێراق بازاڕێكی فراوانە و پێویست بوو ئێمە زیاتر بایەخمان بە پڕۆژەی كشتوكاڵی و پیشەسازی دابوایە، بۆ ئەوەی پارەكەی خۆمان نەچێتە دەرەوە، ساڵانە 8 ملیار دۆلاری ئێمە دەچێتە ئێران و زیاتریش لەو پارەیە بۆ توركیا و ئەوروپا دەڕوات، بەگشتی ساڵانە زیاتر لە 25 ملیار دۆلاری كوردستان دەڕواتە دەرەوە”.


روونیشی دەكاتەوە: “تاوەكوو بە یاسا پارێزگاری لە بەرهەمی ناوخۆ نەكرێت ناتواندرێت پیشەسازی و بەرهەمی خۆماڵی پێش بكەوێت و فراوان بێ”.


سه‌رۆكی ژووری بازرگانیی سلێمانی راشی دەگەیەنێت: “ململانێیە سیاسییەكان لە پارێزگای سلێمانی كاریگەریی لەسەر بازاڕ و ئابووریی ئەو شارە هەبووە، لەگەڵ ئەوەی وەبەرهێنەران و كەرتی تایبەت كەمتر چوونەتە نێو پرسە سیاسییەكانەوە، بەڵام هەر كاریگەر بوون بە دۆخەكە، بۆیە وەبەرهێنانیش لە سلێمانی باش نییە”.


زیاتر وتشی: “كێشه‌كانی ئێمه‌ له‌وه‌وه‌ سه‌ریان هه‌ڵداوه‌، پارێزگارێك كه‌ دێت دوو ساڵ پارێزگار ده‌بێت، له‌ ماوه‌ی ئه‌و دوو ساڵه‌شدا هیچ زانیارییه‌كی‌ ته‌واوی‌ لا نییه‌، كه‌ زانیارییه‌كانیش وه‌رده‌گرێت یه‌كسه‌ر ده‌گۆڕێت، گۆڕینی پارێزگاره‌كان زیانی‌ زۆری به‌ سلێمانی گەیاندووە‌، له‌ دنیادا نییه‌ بۆ دوو ساڵ پارێزگار دابنرێت‌ و بڕوات”.


ئەو پێیوایە، ئەوەی بە ناوی وەبەرهێنانی خانووبەرە كراوە شتێكی باش نەبووە و قازانجی خێرا بووە و پڕۆژەی ستراتیژی زۆر كەم بووە، گوتیشی:  “كەرتی نیشتەجێبوون چونكە قازانجی خێرا بوو، بۆیە درایە خەڵكانێك، ئەوەش هەڵە بوو، چونكە چەندین كەس لەپڕێكا بوونە ملیۆنێر و ملیاردێر و دواجاریش نەمانتوانی ژێرخانی خۆمان بونیات بنێین”.


سیروان محەمەد داوا دەكات، حكوومەت كۆمپانیاكانی ئێران و توركیا ناچار بكات بۆ ئەوەی تەنیا پارەی كوردستان نەبەنە دەرەوە، بەڵكوو پڕۆژەی ستراتیژی بونیات بنێن و كارگەكانیان لە كوردستان بكەنەوە، چونكە ئەوان قازانج لەم وڵاتە دەكەن و دەبێت پارەكانیشیان بۆ كوردستان بێت.