“گوندەكانی هەرێم بەرهەمی شیرەمەنيیان كەمە”

خضر ئیسماعیل پۆكر-خاوەنی كارگەی شیرەمەنی”فرۆ” یە كە لە سلێمانی و بەغداو حلە لقی هەیە و بۆ كاركردن پشت بە بەرهەمە خۆماڵیەكانی گوندەكانی هەرێمی كوردستان و عێراق دەبەستێت، لەم چاوپێكەتنەی “ژوری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی”دا خاوەنی كۆمپانیای فرۆ زۆر جەختی لەسەر كوالیتی كۆنترۆڵ دەكات و نیگەرانە بەرامبەر هاوردەكرنی شیرەمەنی لە وڵاتانی دەرەوە.
گوندەكانی هەرێم بەرهەمی شیرەمەنیان كەمە
خاوەنی كارگەی فرۆ بۆ بەرهەمە شیرەمەنیەكان دەڵێت “سێ‌ كۆمپانیای شیرم لە بەغدا هەیە و لە ساڵی 2003 دا رۆژانە 60 بۆ 70 تۆن ماست وپەنیر و كەرەو شیرەمەنیەكانی دیكەم بەرهەمدەهێنا، بەڵام لە ئێستادا و بەهۆی هاوردەكردنی شیرەمەنیەكان لە وڵاتانی دەرەوە بۆ هەرێم بەرهەمەكەم بۆ 15 تۆن كەم بۆتەوە، لە هەمو هەرێمی كوردستاندا رۆژانە پێنج تۆن شیر هەیە بەڵام تەنها لە یەك شاری دەوروبەری بەغدادا 10 تۆن شیر هەیە.
بەرهەمەكانی دەرەوە تەندروست نین
خضر ئیسماعیل دەڵێت” وڵاتان هانی بازرگانەكان دەدەن بۆ ئەوەی شیرەمەنیەكان بە داشكاندنی 35% وە هاوردەی وڵاتەكانیان بكەن، ئەو شیرەمەنیانەی وڵاتانی دەرەوەش كە دێتە هەرێم ماددەی “حافزە” ی تێدایە كە دەبێتە هۆی چەندین نەخۆشی درێژخایەن ،وڵاتان خۆیان ئەو مادەیە بەكارناهێنن و شیرەمەنیەكان لەناو ساردكەرەوەدا هەڵدەگرن.
كوالیتی كۆنترۆڵ رۆۆڵی نیە
خاوەنی كۆمپانیای فرۆ رەخنە لە كۆلیتی كۆنترۆڵ دەگرێت و دەڵێت “كوالیتی كۆنترۆڵ لە عێراقدا رۆڵی نیە و دەبێت جیاوازی لەنێوان بەرهەمە ناوخۆیی و دەرەكیەكاندا بكرێت.
كرێكاری كورد پسپۆڕی نیە و تاقەتی كاری نیە
خاوەنی كارگەكانی فرۆ لە عێراق و هەرێمی كوردستان  سەبارەت بە بەكارهێنانی كرێكاری خۆماڵی دەڵێت “من ناچارم كرێكاری بیانی بەكار بهێنم چونكە كرێكاری كورد پسپۆڕی نیە و تاقەتی كاركردنیشی نیە”.