ژووری بازرگانی سلێمانی پشتیوانی بەڕێوەبەری نوێی وەبەرھێنان دەکات



بەمەبەستی پشتیوانیکردن و پیرۆزبایکردن لە بەڕێوەبەری نوێی وەبەرھێنانی سلێمانی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی سەردانی فەرمانگەی وەبەرھێنان دەکەن.


سیروان محەمەد, سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی لەگەڵ شاندی یاوەری ژوور سەردانی بەڕێوەبەری نوێی فەرمانگەی وەبەرھێنانی سلێمانی کرد و چەپکە گوڵی دەستبەکاربون و پشتیوانیکردنیان پێشکەش کرد.


سیروان محەمەد, سەرۆکی ژوور ڕایگەیاند: وەک ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی پشتیوانی تەواوی فەرمانگەکەتان دەکەین و ھاوکاری تەواودەبین لە بەرەوپێشچونی کارەکانی وەبەرھێنان و داکۆکیکردن لەپێشخستنی کەرتی وەبەرھێنان و گەڕانەوەی دەسەڵات بۆ فەرمانگەکان لەسەر ئاستی بەڕێوەبەرایەتیەکان بۆ پێشخستنی دەسەڵاتی بەڕێوەبەرەکان.


ڕاشیگەیاند: ژووری بازرگانی ھەمیشە داکۆکی کردووە بۆ دابەزاندنی دەسەڵات لە پارێزگاکاندا تا بەڕێوەبەرە گشتیەکان بتوانن دەسەڵاتی خۆیان بەکاربھێنن و نەگەڕێنەوە بۆ وەزارەتەکان لەبەر پێشخستنی کاری ھاووڵاتیان، لەئێستاشدا ئێمە ھەوڵەکانمان بەردەوامە بۆ گەڕانەوەی ئەو دەسەڵاتە کەپێشتر ھەبووە لەپارێزگاکان و ڕاگیراوە.


ئەندازیار عەزیز سەعید بەڕێوەبەری دەستبەکاربوی نوێی فەرمانگەی وەبەرھێنانی سلێمانی سوپاس و دەستخۆشی لەژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی کرد بۆ پشتیوانیکردن لەدەستبەکاربونی.


ھیوای خوست بتوانن لەگەڵ ژووری بازرگانی و پیشەسازی ڕەوشی وەبەرھێنان بەرەوپێشتر بڕوات و کاری ھاوبەش پێکەوە بکەن بۆ پێشخستنی شاری سلێمانی.