لە قەتەر دوورگەیەك بۆ ملیۆنێرەكان دروست دەكرێ


دوورگەی دەستكردی مرواری لە كەنداو كە كەوتووەتە نزیك دەوحەی پایتەختی قەتەر، بووەتە شوێنێك بۆ راكێشانی سەرنجی دەوڵەمەندەكانی دنیا. كۆتای ئەمساڵ ئەم پڕۆژەیە تەواو دەبێت كە سەرووی 15 ملیار دۆلاری تێچووە.

رووبەری ئەم دوورگەیە هەزار و 600 دۆنمە و دەبێتە دوورگەیەكی گەشتیاری بۆ وەبەرهێنەرانی بیانی. دیزاین و جۆری خانوو و باڵەخانەكانی ئەم دوورگەیە زۆر تایبەتن. خانووەكانی لە خانووەكانی ناوچەی تۆسكانای ئیتاڵیا و كەنارەكانی دەریای ناوەڕاست لە باشووری فڕەنسا و ئیسپانیا دەچن.

بڕیارە لەم دوورگەیە سەرووی 30 هەزار كەس بژین، ئێستە ژمارەی دانیشتووانی چەند هەزار كەسێك دەبێت. دوورگەكە یەكێك لە گەورەترین پڕۆژەكانی بیناسازییە لە وڵاتانی عەرەبی.

پرۆسەی بیناسازی لە دوورگەكە ساڵی 2004 دەستی پێ كرد و شوێنەكەی كەمتر لە یەك كیلۆمەتر لە كەنارەكانی دەوحە دوورە. دوورگەكە لە شوێنێك بنیات نراوە كە لە سەردەمانی كۆندا خەڵك لە ئاوەكەی بە دوای مرواری گەڕاون، بۆیە ناوی مرواری لە دوورگەكە نراوە.

بە گشتی لە دوورگەكە 180 تاوەری بەرز بنیات نراون و بۆ ئەوەی لەو شوێنە ببی بە خاوەنی شوقەیەكی 129 مەتری، دەبێت 275 هەزار دۆلار بدەیت.

سەرەڕای ئەوەی كە قەتەر وڵاتێكی دەوڵەمەندە، بەڵام دوورگەكە بۆ هاووڵاتییانی قەتەر دروست نەكراوە، بەڵكو زیاتر بۆ خەڵكی بیانییە.

یاسایەكی پێوەندیداریش پەسند كراوە هەر كەسێك لەو دوورگەیە خانوویەك بكڕێت، ئەوا تاهەتایە ڤیزای گەشت بەرەو قەتەری پێ دەدرێت.

ئەوانەی دەستیان بە دروستكردنی پڕۆژەكە كرد، سەرەتا تێچووی پڕۆژەكەیان بە دوو ملیار و 500 ملیۆن دۆلار هەژمار كرد، بەڵام ئێستە بۆ سەرووی 15  ملیار دۆلار بەرز بووەتەوە.