بازرگان و بەرپرسانی ژوورە بازرگانیەکانی ئێران دڵخۆشن بە کۆنفرانسی ئابوری ھەرێم و ئێران

کۆنفرانسی ئابوری و پیشەسازی و بازرگانی نێوان ھەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران لە ھەولێر لەماوەی دووڕۆژدا کارەکانی کۆتای ھات کەتیایدا گفتوگۆی تەواوکرا لەسەر کێشەکانی نێوان ھەردولاو ھەوڵدان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان.

كۆنفرانسەکە له‌لایه‌ن یەکێتی ژوورە بازرگانیەکانی ھەرێمی کوردستان رێكخرا بوو، بە ئامادەبوونی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان و محەمەد شەریعەتمەداری، وەزیری بازرگانی و پیشەسازی ئێران و محەممەد سوودانی، وەزیری پیشەسازی و كانزاكانی عێراق و ژمارەیەک لە کاربەدەستانی حکومەتی عێراق سەرۆکی ژوورە بازرگانی و پیشەسازی و کانزای و کشتوکاڵیەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران و ژمارەیەک لە وەزیر و بەرپرسانی حکومەت و بازرگانانی ھەرێمی کوردستان و ئێران بەشداریان تێداکرد.

لە کۆنفرانسەکەدا بازرگانان و بەرپرسانی ھەرێم و ئێران جەختیان لەوە کردەوە کە پەیوەندی بازرگانیەکان لەئاستی پێوستدا نیە لە ئێستادا کە لەنێوان ھەرێم و ئێران بەڕێوە دەچێت ، ئاماژەیان بەوەدا کە بەرپرسانی ھەردوولا دەبێت ڕێ خۆشکەربن بۆ بازرگانان و کار ئاسانی زیاتر بکەن.

بەشێک لە بازرگانانی ئێران و ژوورە بازرگانیەکان پێیان وابوو کە گومرگی بەرھەمە ئێرانیەکان زیاترە لە بەرھەمە تورکیەکان کە ئەوەش کێشەی دروستکردووە بۆ کاری بازرگانی پێیان وابوو کەپێویستە ھەرێم ئەم کێشانە چارەسەر بکات ئه‌گەر دەیەوێت پەیوەندییە بازرگانیەکانی  نێوان ھەردوولا بەھێزتر بێت.

لەسەر باسی جیاوازی گومرگی ساماڵ عبدلرەحمان, بەڕێوەبەری گشتی گومرگی ھەرێم لە ڕۆژی دووەمی کۆنفرانسەکەدا ڕایگەیاند ”كاڵاو شتومه‌كه‌ ئێرانیەکان لە گومرگدا بە نیوەی قیمەتی داندراوە بۆ گومرگ بەتایبەتی ئه‌و كاڵاو شتومه‌كانه‌ی پێویستی رۆژانه‌ی خەڵکه‌ نیوەی قیمەتی گومرگە لەوەی کە لە تورکیاوە دێت وە لە ئێستادا حکومەتی عێراق پێناسی نوێی گومرگی داناوە بۆیە گومرگی ھەرێم و عێراق یەک دەخرێت بۆ  ئەوەی یەک یاسای گومرگی ھەبێت ئەوکات جیاوازی لەھیچ جۆرە کاڵایەک ناکرێت لەگومرگ”.

سەمەد حەسەن زادە, سەرۆکی ژووری بازرگانی تەبرێز دەڵێت “تەبرێز بە پایتەختی گەشتیاری جیھانی ناسراوە و شارەزایانی گەشتیاری ئەوەیان پشت ڕاستکردۆتەوە چونکە چەندین شوێنەواری مێژووی تێدایە بۆیە پێویستە ھەرێم لەڕووی گەشتیاریەوە ھەوڵەکانی چڕ بکاتەوە لەگەڵماندا”.

دەشڵێت “بێجگە لە کاری پیشەسازی تەبرێز بە کاری دەستی بەناوبانگە بەتایبەت دروستکردنی فەرش کە لە تەواوی ئێران و جیھان بەناوبانگە” .

كۆنفرانسی ئابوری ھەرێمی کوردستان لەلایەن حکومەتەوە بەتەواوی پشتیوانی دەکرێت تا بتواندرێت لەنێوان ھەرێمی کوردستان و ئێراندا بەشێوەیەکی بەھێز کاری بازرگانی و پیشەسازی ئەنجام بدرێت.

محمود تۆلای، سەرۆکی ژووری بازرگانی کاشان  ڕایدەگەیەنێت ”٢٠٠ یەکەی پیشەسازی تایبەتمان ھەیە کە بەشێوەیەکی پێشکەوتوو و مۆدێرن کارەکانیان دەکەن و توانای بەرھەمھێنانی زۆریان ھەیە لەزۆربەی بوارەکاندا”.

ڕاشیگەیاند “چارەسەرکردنی کێشەکان و بەھێزبونی پەیوەندیە بازرگانیەکان لەنێوان ھەردولادا دەکەوێتە سەرشانی بەرپرسانی حکومەت گەر ئەوان کێشەکان چارەسەر بکەن بۆبازرگانان ئەوا بازرگانان بەئاسانی کاری خۆیان دەکەن”.

شاندە بازرگانیەکەی ئێران لە ٢٠ پارێزگاوە بازرگانان و بەرپرسانی ژوورە بازرگانیەکان بەشداریان کردبوو لە بوارەکانی بازرگانی و پیشەسازی و کشتوکاڵی و کانزای و چەند بوارێکی دیکە بەو ئامانجەی بتواندرێت کاری ھاوبەش لەگەڵ بازرگانانی کوردستان دەستپێبکەن. 

سید کمال حسێنی سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی و کانزاکان و کشتوکاڵی سنە لەکۆنفرانسەکەدا ڕایگەیاند “ئاواتخوازم ئەم کۆنفرانسه‌ و ببێتە مایەی پێشکەوتنی کەرتە بازرگانی و پیشەسازیەکان لەنێوان ھەردولادا”.

وتیشی” لەشاری سنە ٣٥٠٠ ئەندامان ھەیە  کە ٧٠٠ ئەندامان بەڕاستی کاری بازرگانی دەکەن بۆیە ئێمە دەرگامان کراوەیە بۆ ھەموو کارێکی ئابوری لەگەڵ ھەرێم”.

جەختیکردەوە کە  ١٦٠٠ ناوچەی گەشتیاریان ھەیە بۆیە لەڕوی گەشتێاریەوە دەتواندرێت پەیوەندیەکی بەھێز و بازرگانیەکی بەھێز ئەنجام بدەین.

وتەبێژی حکومەتی ھەرێم پێی وایە کەدەبێت ھەرێم پەیوەندیە بازرگانیەکانی لەگەڵ ئێران زیاتربکات.

سەفین دزەی وتەبێژی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە دووھەمین ڕۆژی فستیڤاڵی ئابوری ڕایگەیاند “ھەرێمی کوردستان و ئێران پەیوەندی باشیان ھەیە لەڕوی کلتوریەوە وە لەسەر ئاستی سیاسی پەیوەندیەکان بەھێزە بەڵام  لەئاستی ئابوری پەیوەندیەکانمان بەھێزنیە”.

ڕاشیگەیاند “پێویستە پەیوەندی بازرگانی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران بەھێزبکەین ئەوەی لەم دووڕۆژەی کۆنفرانسی ئابوری ھەرێمی کوردستان و ئێران قسەی لەسەر کرا  پێویستە ئەوە بە ھێزبکەین و بیخەینە کارپێکردنەوە”.

لەم کۆنفرانسەدا ھەموو ئەو کێشەوگرفتانەی کە باسکرا لەنێوان ئێران و ھەرێمدا دەکرێتە نوسراوێک و ئاراستەی حکومەتی دەکرێت بۆئەوەی بتوانێت دەست بۆ چارەسی ئەو کێشانەبەرێت کە بازرگانان باسی دەکەن.

دارا جەلیل خەیات سەرۆکی یەکێتی ژوورە بازرگانیەکانی ھەرێم دەڵێت “ئەم کۆنفرانسە لێک نزیکبونەوەیەکی زۆرگرنگ بوو لەنێوان ھەردولادا کە بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ تواندرا کێشەکان بخرێنەڕوو وە بەرپرسانی ھەردلا ئاگادارکرانەوە ھاوکاربن لەبەرو پێشبردنی کاری بازرگانان”.

وتیشی”کۆنفرانسەکە زۆر سەرکەوتوانە کۆتای ھات وەھەموو داواکاری وکێشە بازرگانیەکان گەیەندرایە دەسەڵاتداران بۆ لەمەودوا ھەموان کار لەسەر بەھێزبونی پەیوەندیەکان دەکەین”.

بەرپرسانی بازرگانی ھەرێم بیرلەوە دەکەنەوە پشت بەھاوردەکردن چیتر نەبەسرێت ھەوڵ بۆ بەرزکردنەوە و زیادکردنی بەرھەمی ناوخۆی بدرێت.

سیروان محەمەد سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی ڕایگەیاند “ئێمە لەم کۆنفرانسەدا ئامانجمان ئەوەبوو ھەرێم ھەر پشت نەبەستێت بە ھاوردەکردنی کاڵاکان بەرھەمی ناوخۆی بەرەو پێشەوە بەرین وەداواشمانکرد ھەردو حکومەت کە پێویستە کارە سیاسیەکان تێکەڵ بە کاری بازرگانی نەکەن و نەبنە بەربەرست لەبەردەم بازرگانان”.

ڕاشیگەیاند “گرنگترین پرۆژە کە ئێمە باسمانکرد دەسپێکردنی ناوچەی پیشەسازی پەروێزخانە کەزیاتر لە ٥٠٠ دۆنم زەوییە ماوەی ١٠ ساڵە بڕیاری دراوە بەڵام نەخراوەتە بواری جێ بەجێکردنەوە بۆیە وەک ژووری بازرگانی سلێمانی دوامانکرد ئەو پرۆژەیە بڕیاری لەسەر بدرێت و بخرێتە بواری جێبەجێکردن وە یەکێکی تر لە داواکاریەکانی ژووری بازرگانی سلێمانی ئەوەبوو کە کۆمپانیایەکی ھاوبەشی گواستنەوە لەنێوان ھەرێم و ئێران بۆئەوەی بارھەڵگرەکانی ئێمە کە دەچنە ئێرانەوە ڕسوماتیان لێوەر نەگیرێت وەک بارھەڵگرە ئێرانیەکان مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت”.

ژووری بازرگانی سلێمانی جەختیان کردۆتەوە لەسەر خاڵی گومرگی سەفرە کە زیانی زۆری بە کەرتی بازرگانی گەیاندووە ، داوایان لە بەرپرسانی ئێران کردووە زەرەرمەندی یەکەم ئەوانن بۆیە پێویستە لەگەڵ حکومەتی عێراق لەسەر ئەو بابەتە قسەبکەن.

لەکۆنفرانسەکەدا باس لە کەرتی کشتوکاڵی کرا کەپێویستە گرنگی پێبدرێت لەنێوان ھەردولادا بەھێزبکرێت.

وسفی خەلیل ڕاوێژکاری کشتوکاڵی ژووری بازرگانی سلێمانی ڕایگەیاند “لە کۆنفرانسەکەدا توانیمان کێشەکانی نێوان ھەردولا باسبکەین بۆ بەھێزکردنی کەرتی کشتوکاڵ ئێمە داوامنکرد تەنھا پشت بەوە نەبەسرێت کە کۆماری ئیسلامی ئێران ھاوردەی کاڵا بکەن بەڵکوو گرنگی بە خاک و زەویە کشتوکاڵیەکانی ھەرێم بدەن و بێنە کوردستانەوە وەبەرھێنان بکەن، پێویسته‌ لە خوێندنی پێشکەوتودا لەکەرتی کشتوکاڵی ھاوکاری ھەرێم بکەن و پشتیوانمانبن”.

ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەنێوان ئێران و عێراق، ساڵانە نزیکەی هەشت ملیار دۆلارە، کە نزیکەی 65%ـی پشکی مامەڵە بازرگانییەکانی هەرێمی کوردستان و ئێرانە. هەرێمی کوردستان و ئێران بەهۆی هەبوونی 625 کیلۆمەتر سنووری هاوبەش، سێ دەروازەی بازرگانیی فەرمی و پێنج دەروازەی نافەرمییان لەنێواندا هەیە.