ئیمارات گەشتەكانی بۆ فڕۆكەخانەی سلێمانی دەستپێدەكاتەوە

سەرۆكی جێبەجێكاری كۆمپانیای فلای‌دوبەی ڕایدەگەیەنێت: بەهۆی خواست لەسەر گەشتەكان بۆ هەرێمی كوردستان و لەپاش سێ ساڵ جارێكی دیكە گەشتە نێودەوڵەتییە ڕاستەوخۆكانیان لە ئیماراتەوە بەرەو سلێمانی دەستپێدەكەنەوە.

بە گوێرەی هەواڵێكی ئاژانسی دەنگ‌وباسی ئیمارات، غەیپ ئەلغەیپ سەرۆكی جێبەجێكاری كۆمپانیای فلای‌دوبەی ڕایگەیاند: لەساڵی 2010ەوە گەشتیان بۆ فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی ئەنجام داوە و بۆیان دەركەوتوە خواست لەسەر گەشت بۆ ئەو فڕۆكەخانەیە هەیە بۆیە لە پاش سێ ساڵ جارێكی دیكە گەشتە نێودەوڵەتیـیە ڕاستەوخۆكانیان لە دەوڵەتی ئیماراتەوە بەرەو سلێمانی دەست پێدەكەنەوە.

هەروەها ئاماژەی بەوەش كرد: لەڕۆژی 10-5-2018 گەشتەكانیان بۆ فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی دەست پێدەكەنەوە بەجۆرێك لە هەفتەیەكدا دوو گەشت ئەنجام دەدەن و لە دوای مانگی شەش زیادی دەكەن.