بازاڕی گژوگیا بەهارییەكان له‌سلێمانی

بازاڕی گژوگیا بەهارییەكان لە هەرێمی كوردستان ساڵانە لەگەڵ نزیكبونەوەی وەرزی بەهاردا سەوز دەبن، هەرێمی كوردستان دەوڵەمەندە بە دەیان جۆر لەو گژوگیایانە و هەریەكەیان سوودی خۆراكی و پزیشكی خۆیان هەیە.

ئەوەی ئێستا لە بازاڕەكان بەتایبەت شاری سلێمانی هەیە و لە لایەن ژنان و پیاوانی بە تەمەن زیاتر دەفرۆشرێن و هاواریان بۆ دەكرێت، گرنگترینیان بریتین لە كەنگر، رێواس، قارچك، گەبڵە، گێلاخە، گۆزروان، پیچەك، قازیاخە و گەڵامێو.

ئەم گژوگیایانە لە چەند ناوچەیەك بەتایبەت ناوچە شاخاوییەكان و لە كاتێكی دیاریكراو سەوز دەبن و دەست دەكەون، بەم هۆیەشەوە لە لایەن هاووڵاتییان بەتایبەت كەسانی بە تەمەن كە شارەزای چۆنیەتی لێنان و تام و سوودەكانی ئەم گیایانەن، خواستێكی زۆریان لەسەرە.

ئەم گژ وگیا بەهاریانە بوونەتە هۆی سەرچاوەی بژێوی ژیان بۆ خەڵكی گوندەكان و بەشێك لە كاسبكارانی شارەكان. 

پزیشكان دەڵێن، بەشی زۆری ئەم گژوگیا سرووشتیانە سوودی تەندروستی گەورەیان هەیە وەك سەرچاوەی دەرمان سوودیان لێوەردەگیرێت.