لەڕێگەی ژوری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانیەوە، بازرگان و پیشەسازان بەشداری پێشانگاكانی ئەڵمانیا دەكەن

بەپێی رێكەوتنێكی نێوان ژوری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی و، نوسینگەی پەیوەندیەكانی بازرگانی و پیشەسازی ئەڵمانی لە هەولێر، لەمەودوا بازرگانانی پارێزگای سلێمانی لە رێگەی ژوری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانیەوە، دەتوانن بەشداری پێشانگا نێودەوڵەتیەكان بكەن لە وڵاتی ئەڵمانیا.
بە مەبەستی دروستكردنی پردێكی پەیوەندی لەنێوان بازرگانانی شاری سلێمانی و وڵاتی ئەڵمانیا،رۆژی چوار شەممە هەریەكە لە “ڤۆڵكەر ڤیلدنەر” بەڕێوەبەری نوسینگەی پەیوەندیەكانی بازرگانی و پیشەسازی ئەڵمانی لە هەولێر و محەمەد نەوزاد_ی یاریدەدەری،سەردانی ژوری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانیان كردو لەگەڵ هەریەكە لە سیروان محەمەد سەرۆكی ژور و یاسین حەمە رەحیم جێگری یەكەمی سەرۆك و ئەندامانی ئەنجومەن كۆبونەوە.
لە كۆبونەوەكەدا وێرای قسەكردن لەسەر توندوتۆڵكردنەوەی پەوەندیەكان،هەردولا رێككەوتن لەسەر بەشداریكردنی بازرگانان و پیشەسازانی پارێزگای سلێمانی لە پێشانگاكانی ئەڵمانیادا،تاوەكو بتوانن سود لە شێواز و تەكنەلۆژیای كاركردنی بازرگانان و پیشەسازانی ئەڵمانیا ببینن،بۆ ئەو مەبەستەش ژوری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی دەبێتە پردێك بۆ ئەو پەیوەندیە.