دەروازەی حاجی ئۆمەران کرایەوە

بەڕێوەبەری مەرزی حاجی ئۆمەران رایدەگەیەنێت، بەشێوەیەکی فەرمی مەرزی حاجی ئۆمەران کراوەتەوە و بازرگانان دەتوانن دەست بە جموجۆڵی بازرگانی بکەن .

جەوھەر مەحمود، بەڕێوەبەری مەرزی حاجی ئۆمەران راگەیاند، دوای بڕیاری کرانەوەی مەرزەکانی نێوان کۆماری ئیسلامی ئێران و ھەرێمی کوردستان، ماوەی کاتژمێرێکە مەرزی حاجی ئۆمەران بەشێوەیەکی فەرمی کراوەتەوە و ھاتوچۆ تیایدا ئاساییە.

وتیشی لە ئێستادا جموجۆڵی بازرگانی و ھاتوچۆ لە مەرزی حاجی ئۆمەران ھیچ کێشەیەکی نیە ، تەنھا نالەباری و خراپی کەش و ھەوا نەبێت ئەویش گرفت لەبەردەم جموجۆڵی بازرگانی دروست ناکات چونکە تیمەکان لە کارکردنن بۆ خاوێ، کردنەوەی رێگاکان لەبەفەر.

عەبدوڵا ئاکرەیی، بەرپرسی پەیوەندیەکانی ھەرێمی کوردستان و ئێران، لەحکومەتی ھەرێمی کوردستان،  راگەیاند، لەشەوی رابردوو لە لایەن بەرپرسانی ئێرانەوە ئاگادارکراوەتەوە کە ھەردوو خاڵی سنووری پەروێزخان و حاجی ئۆمەران دەکرێنەوە.

ئاکرەیی، وتیشی”شەوی رابردوو ئاگاداری منیان کرد وتیان لە کاتژمێر ١٢:٠٠ ەوە ھەردوو دەروازەکە کراونەتەوە”.

ھەروەھا ئاماژەی بەوەکرد، ھەردوو دەروازەکە بەرووی ھاتوچۆی خەڵک و بازرگانیشەوە کراونەتەوە، بەوتەی بەرپرسی پەیوەندیەکانی ھەرێمی کوردستان و ئێران، لە حکومەتی ھەرێم”کۆنترۆڵی دەروازەکان لەدەستی ھەرێمە”.

“ئێران خۆی لە مەوزوعەکە دەرھێناو دەستووریدا کە بکرێنەوە، ئیدی لەگەڵ ئێمەو بەغدا چی دەبێـت چی نابێت ئەوان عەلاقەیان پێ نییە”عەبدوڵا ئاکرەیی وای وت.

“دوای کردنەوەی دەروازەی حاجی ئۆمەران، تا ئێستا هیچ جموجۆڵێکی بازرگانی ئەنجام نەدراوە هیچ کەلوپەلێک هاوردەو هەناردە نەکراوەو پێشبینی دەکەین دوای چەند کاتژمێرێکی تر بازرگان دەستبکەنەوە بە هاوردەو هەناردەکردنی کەلوپەل”.