وەزارەتی کار: پێشتر بەهۆی زۆریی کرێکاری بیانییەوە دەرفەتی کار بۆ کرێکاری ناوخۆ نەمابوو

وەزارەتی کار بۆ کەمکردنەوەی کارکردنی کرێکارانی بیانی لە پڕۆژەکاندا و ڕەخساندنی هەلی کار بۆ کرێکارانی ناوخۆ پێشنیازی دیارکردنی ڕێژەی کرد و ئەنجومەنی وەزیرانیش کردی بە بڕیار.

ئاوێنە: کۆبوونەوەی دوو هەفتەی ڕابردوودا ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بڕیاری لەبارەی کرێکارانی بیانی و ناوخۆ و چۆنێتیی کارکردنیانەوە دەرکرد، بەپێی بڕیارەکە هەلی لە پێشینە بۆ کرێکارانی ناوخۆیە.

ئاریان محەمەد وتەبێژی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، “بەهۆی سکاڵای بەشێک لە ڕێکخراوەکانی کرێکاران لەبارەی کەمبوونەوەی هەلی کار بۆ کرێکارانی ناوخۆ و زۆربوونی کرێکارانی بیانی، وەزیری کار پێشنیازێکی پێشکەش بە ئەنجومەنی وەزیران کرد بۆ ڕێکخستنی کاری کرێکارانی بیانی”.

ئاماژەی بەوەکرد، “لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیراندا پێشنیازەکەی وەزارەتی کار پەسەندکراوە و بەپێی بڕیارێک دەبێت لە پڕۆژەکاندا 75%ی هەلی کار بدرێت بە کرێکارانی ناوخۆ و هەلی لە پێشینە بۆ کرێکاری خۆمان بێت، چونکە پێشتر بەهۆی کرێکاری بیانییەوە هەلی کار بۆ کرێکاری ناوخۆ تەواو کەمببووەوە”.

بەپێی ڕێکارەکانی وەزارەتی کار، هەر پڕۆژەیەک دەستبکات بە کارکردن، جگە لەوەی زۆرترین ڕێژەی کارەکانی دەبێت بۆ کرێکاری ناوخۆ بێت، ئەو کرێکارە بیانیانەشی کە وەریدەگرێت دەبێت ئەوانەبن کە مۆڵەتیان لە هەرێمی کوردستان و وڵاتەکانی خۆشیان هەیە، نەک ئەوانەی لە بازاڕی ڕەشەوە دەهێنرێن.

لە هەرێمی کوردستان جگە لە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، وەزارەتەکانی ناوخۆ و سامانە سروشتییەکانیش بە شێوەی فەرمی کرێکار دەهێنن، تا ئێستا ئەوەی لای وەزارەتی کار تۆمارکراوە ژمارەی کرێکارانی بیانی لە هەرێمی کوردستان 8000 کرێکارن، بەڵام بەپێی وتەی وتەبێژی وەزارەتەکە بەهۆی بازاڕی ڕەشەوە ژمارەکە زۆر زیاترە لەوەی تۆمارکراوە.