وەزیری دارایی بەدواداچون بۆ کێشەی ھاوڵاتیان و بازرگانانی سلێمانی ده‌كات

سیروان محەمەد، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی لەگەڵ ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابوری حکومەتی ھەرێم لەبارەی کێشەو گرفتەکانی بازرگانان و پیشەسازان کۆبویەوە بە مەبەستی چارەسەرکردنی کێشەکان.

ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٠٢٢/١٠/٦ ئاوات جەناب نوری، وەزیری دارایی و ئابووری حکومەتی ھەرێم، بە ئامادەبونی سیروان محەمەد، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشه‌سازی سلێمانی، ھەریەک لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی گومرگ و فەرمانگەکانی باجی خانوبەرەی یەک و دوو و خانوبەری میری و باجی کۆمپانیاکان و باجی داھاتی یەکی سلێمانی بەسەرکردەوە و لەگەڵ بەڕێوەبەرانی ئەو دامەزراوانە و بەرپرسی بەشە جیاجیاکانی ناو فەرمانگەکان کۆبوەوە.

وێستگەی یەکەمی سەردانەکەی وەزیری دارایی بۆ بەڕێوەبەرایەتی گشتی گومرکی سلێمانی بوو و تێیدا بەدواداچونی کرد بۆ ھەموو ئەو کێشە و لەمپەرانەی بونەتە ئاستەنگ و بار بەسەرشانی ھاوڵاتیان بەگشتی و بازرگانان و خاوەن بارەکان و بەڕێوەچونی ئیشوکارەکانیان لە ڕێگەی دەروازە و بنکە گومرگییەکانی سنوری بەڕێوەبەرایەتییەکە.

وەزیری دارایی بڕیاریدا ھەموو کارئاسانیەک بکرێت لەپێناو زیاتربونی جوڵە بازرگانیەکان و بەسودی ھاوڵاتیان بەگشتی و کۆکردنەوەی داھات.

دواتریش وەزیری دارایی و ئابوری ھەریەک لە فەرمانگەی خانوبەرەی میری و باجی خانوبەرەی یەک و دووی سلێمانی و باجی کۆمپانیاکان و باجی داھاتی یەکی سلێمانی بەسەرکردەوە و لەكۆبونەوەی لەگەڵ بەڕێوەبەری ئەو فەرمانگانە سەرجەم تێبینی و گازندەی بەشێک لە ھاوڵاتیانی لەبارەی چۆنیەتی پێدانی باج خستەڕوو و فەرمانیشی کرد ھەموو خزمەتەکان بە پێی یاساو ڕێنماییەکان جێبەجێبکرێن و بەو ئاڕاستەیە بێت کە بارگرانی بۆ ھاوڵاتی دروست نەکرێت.