جێگری سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی سەردانی سنە دەکات

لەسەر بانگێشتی فەرمی ژووری بازرگانی شاری سنە، بە ھاوکاری لەگەڵ یەکێتی ئەندازیارانی سنە، یاسین ڕەحیم، جێگری سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی و سەرۆكی یەكێتی ئەندازیارانی كوردستان و  ژمارەیەک بازرگانی سلێمانی سەردانی کۆماری ئیسلامی ئێرانیان کرد.

یاسین ڕەحیم، جێگری سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی ڕایگەیاند “شاندی بازرگانی ھەرێمی كوردستان پێکھاتبوو لە ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی و یەکێتی بەڵێندەران و یه‌كێتی هاورده‌ و هه‌نارده‌كاران و یەکێتی ئەندازیارانی سلێمانی و ھەولێر و کەرکوک بانگێشتکرابووین و بەشداریمان له‌ پێشانگاكان و  کۆبونەوەکان لەگەڵ بەرپرسانی ئابووری شاری سنە كرد”.

ئاماژەی بەوەشدا، لەسەردانەکەماندا چەند کۆبونەوەیەکمان کرد لەگەڵ ژووری بازرگانی شاری سنە و یەکێتی ئەندازیارانی سنە، کۆبونەوەکان زۆر باش بەڕێوەچوون و ھەردوولا جەختمان لە بەھێزکردنی پەیوەندییە ئابوورییەکان کردوە بە میکانیزنێک کە لەگەڵ ئەم کات و سەردەمەدا بگونجێت”.

لای خۆشیانەوە، بەرپرسانی ژووری بازرگانی و یەکێتی ئەندازیارانی سنە زۆر خۆشحاڵ بوون بە ئامادەبوونی شاندی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی و ھیوایان خواست پەیوەندییە بازرگانییەکان و کاری ھاوبەش لە نێوان سلێمانی و سنە زیاتر بێت لە سەرجەم سێکتەرەکاندا.