‎ دیبەیتی ئابوری بەهێز دەوڵەتی بەهێز بنیاد دەنێت بەڕێوەچوو

لەشاری سلێمانی بەدروشمی ”ئابوری بەهێز دەوڵەتێکی بەهێز بنیاد دەنێت”، بەچاودێری مەکتەبی ڕێکخراوە دیموکراتیەکان و بەسەرپەرشتی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی و سەندیکای ئابوریناسان و سەندیکای ژمێریاران و سەنتەری توێژینەوەی زانکۆی پۆلیتەکنیک و کۆمەڵێک لە پسپۆران و شارەزایانی بواری ئابوری، دیبەیتی ئابوری سلێمانی بەڕێوەچوو.

‎ڕێکەوتی ۲٠۲۲/۷/۳٠ لەشاری سلێمانی بە ئامادەبونی بەرپرسانی یەکە ئیداریەکانی شاری سلێمانی بەچاودێری مەکتەبی ڕێکخراوەدیموکراتیەکان و بەسەرپەرشتی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی بەدروشمی ئابوری بەهێز دەوڵەتێکی بەهێز بنیاد دەنێت دیبەیتی ئابوری سلێمانی بەڕێوەچوو.

‎لە دیبەیتەکەدا سیروان محەمەد، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی بەشداریکردو کێشەکانی بەردەم کەرتی بازرگانی و پیشەسازی و کشتوکاڵی بۆ ئامادەبوان و بەرپرسانی حکومی و حزبی خستەڕوو.

‎دەرباری کەرتی بازرگانی وتی” پێویستە ئیدارەی سلێمانی بە چاوێكی پڕبایەخەوە بڕوانێتە شاری سلێمانی وەك دەروازەیەك بۆ پەخشكردنی ئەو كاڵایانەی لە هەردوو دەروازەی نێودەوڵەتی باشماخ و پەروێزخانەوە هاوردە دەكرێن بۆ هەموو پارێزگاكانی عێراق. لەم پێناوەشدا پێویستە كۆمەڵێك ڕێكاری پێویست بگیرێتە بەر بۆ كارئاسانی و چارەسەری ئەو كێشانەی دروست دەبێت لە دەروازەكاندا لە كاتی هاوردەی كاڵاكاندا لەكەمترین ماوەدا.

‎وتیشی” زیادكردنی باج لەسەر كۆمپانیاو پیشەسازو چالاكییە جۆراوجۆرەكان، بەبێ ڕەچاوكردنی بارودۆخی ئابووری هەرێمی كوردستان ئەم زیادكردنی باجە كاریگەری خراپی لەسەر هەمو سێكتەرەكان هەیە. بۆ نمونە لە ساڵی 2021 وە تا ئێستا 615 كۆمپانیا لە شاری سلێمانی دامەزراوە بەپێی داتای ژوورەكەمان لەو ماوەیەدا نزیكەی 500 كۆمپانیا پاكتاوكراوەو هەڵوەشاوەتەوە، سەبارەت بەچالاكییەكانی تریش بەهەمان شێوەیە. كە ئەمەش ئاماژەیەكی خراپە پێویستە حكومەت دیراسەی ئەو بارودۆخە بكات ئەم كێشانە چارەسەر بكات كە ئەو بارودۆخەیان دروستكردووە.

‎دەربارەی کەرتی پیشەسازی دەڵێت “بوونی ڕۆتینیاتی زۆر بۆ دامەزراندنی كارگەو، هاوردەی ئامێر و گواستنەوەی خاوەندارێتی كارگە لە كەسێكەوە بۆ كەسێكی تر، تقدیر حاجە بۆ هاوردەی كەرەستەی سەرەتایی. هەمو ئەم كارانە ڕۆتینیاتێكی زۆریان تێدایە كە كاری كارگە پەكدەخات، لە زۆربەی وڵاتاندا بۆ هاندانی خاوەن سەرمایەكان بۆ دامەزراندنی پڕۆژەی پیشەسازی هەر لەناو خودی ناوچەی پیشەسازییەكاندا هەموو رێكارە كارگێڕیەكانی دامەزراندنی كارگەكان جێ بەجێ دەكرێت.

‎لەبارەی کەرتی کشتوکاڵەوە سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی ڕایگەیاند” ئاسانكاری بكرێـت بۆ هەناردەكردنی بەرهەمی كشتوكاڵی بەتایبەتی (بڕوانامەی تەندروستی) كە لە ئێستادا تەنها لە بەغدادی پایتەخت دەكرێت كاربكرێت ئەو بڕوانامەیە لە هەرێمی كوردستانەوە بكرێت وەك كارئاسانییەك بۆ هەناردەی بەرهەمی كشتوكاڵی”.

‎راشیگەیاند”لابردنی رسوماتی گومرگی لەسەر ئامێرو پێداویستی كشتوكاڵی بەمەبەستی كەمبوونەوەی تێچوونی بەرهەمە ناوخۆییەكان”.

جوتیار نوری، لێپرسراوی مەکتەبی ڕێکخراوە دیموکراتیەکانی یەکێتی نیشتیمانی كوردستان وته‌یه‌كی پێشكه‌ش كرد و ڕایگه‌یاند ”یه‌كه‌مین جاره‌ دیبەیتی له‌م شێوه‌یه‌ له‌ شاری سلێمانی سازده‌كرێت، بابه‌تی ئابووری زۆر گرنگه‌ پێویسته‌ هاوڵاتیان و رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی به‌شدار بن له‌ دروستكردنی بڕیاری ئابووریدا، وڵاتی ئێمه‌ به‌ تایبه‌تی شاری سلێمانی پڕه‌ له‌ سه‌رچاوه‌ی ئابووری زۆرباش، ئێمه‌ وه‌ك مه‌ته‌بی ڕێكخراوه‌ دیموكراتییه‌كان چه‌ندین جار دیراسه‌مان كردوه‌ له‌ شاری سلێمانی كۆمه‌ڵێك سه‌رمایه‌دار و بازرگانی زۆرباش دروست بووه‌، پرۆژه‌ی زۆر باشیش كراوه‌، ژماره‌یه‌كی زۆر گه‌نجی شاره‌زا و به‌تواناش پێگه‌یشتون و ده‌رچووی زانكۆكان، له‌ ئێستادا به‌ڕووی جیهانیشدا كراوینته‌وه‌ ده‌توانین به‌شدار بین له‌ كۆنفرانس و پێشه‌نگا جیهانییه‌كان، به‌ڵام ئه‌وه‌ی كێشه‌یه‌ ئێمه‌ پێكه‌وه‌ كار ناكه‌ین بڕیاری كاتێك سه‌رده‌كه‌وێت كه‌ ژووری بازرگانی و په‌رله‌مان و حكومه‌ت پێكه‌وه‌ بڕیاڕ بده‌ن”.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا له‌ بواری كشتوكاڵیشدا له‌ شاری سلێمانی پێشه‌نگین ده‌شتی شاره‌زوو و مه‌رگه‌مان هه‌یه‌ و گه‌رمیانیش بۆ مه‌سه‌له‌ی ئاژه‌ڵداری زۆر گونجاوه‌، ژماره‌یه‌كی زۆریش گه‌نجمان هه‌یه‌ كه‌ ده‌توانین بیانخه‌ینه‌ سه‌ر كار ئه‌مه‌ش به‌ ته‌نها به‌ حكومه‌ت نه‌كرێت ده‌بێت هه‌موومان له‌سه‌ره‌تاوه‌ ده‌ستپێبكه‌ینه‌وه‌ و بزانین چی بكه‌ین باشه‌”.

لای خۆشیه‌وه‌ د.هه‌ڤاڵ ئەبوبەكر پارێزگاری سلێمانی له‌ وته‌یه‌كدا رایگەیاند، هۆكاری نەمانی پارە لە بانكەكانی سلێمانی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە وەزیرەكان زۆرینەی رەهای دەسەڵاتەكانیان بردووەتەوە بۆ هەولێر و 40 كەرتی جیاوازی سلێمانی، داهاتەكەی لە هەولێر وەردەگیرێت.

هەڤاڵ ئەبوبەكر لەكۆنفرانسێكدا لە دیبەتی ئابوری لە سلێمانی بە میدیاكانی وت، لەكۆبونەوەی تایبەتی ئەنجومەنی وەزیراندا باسی ئەوەی كرد، نابێت تەنها هەوڵی بردنەوەی دەسەڵاتەكانیان بدەن بۆ هەولێر، چونكە لەپێشدا وەزیرەكانی یەكێتی و گۆڕان ئەو دەسەڵاتانەی بردویانەتە هەولێر داهاتی ئەم شارەشیان لەگەڵیدا بردووە.

رونیشیكردووەتەوە، كاتێك تۆ تۆماركردنی ناوی بازرگانی دەبەیتەوە نەختینە لای من نامێنێت، چونكە رسوماتەكەی لە هەولێر دەدرێت، كاتێك تۆ لە گۆشتەوە تاوەكو فاسۆلیا، گەنم، هێلكە رەسیدەكەی دەبەیتەوە، رسوماتەكەشی دەبەیتە هەولێر، بەدەستی خۆمان نەختینەمان نەهێشتووە و دواتریش لایەنە سیاسییەكانی ئێرە تۆمەتبار دەكەین.

پارێزگاری سلێمانی هێمای بۆ ئەوە كردووە، دەبێت زۆر بە وردی توێژینەوە لەسەر ئەو بابەتە بكرێت، 40 بواریان بۆ سەرۆكی حكومەت ژماردووە كە بەهۆی دەسەڵاتەكانەوە ئێستا داهاتەكەی لەسلێمانی وەرناگیرێت، لە ساڵی 2020دا داهاتی سلێمانی 16 تریلیۆن دینار بووە، 9 ترلیۆن دیناری نەختینە بووە و زیاتر لە 9 ترلیۆن دیناری تەنها ژمارە بووە، كەواتە سلێمانی چۆن توشی كورتهێنانی دارایی نابێت و بانكەكانی تۆ چۆن پارەیان تێدا دەبێت.