داهاتی نەوتی عێراق لە مانگی ڕابردوودا زیاتر لە 7.3 ملیار دۆلار بووە

داهاتی هەناردەی نەوت لە مانگی كانوونی یەكەمی ڕابردوودا زیاتر لە حەوت ملیار ‏دۆلار بووە، وەك ئەوەی وەزارەتی نەوتی عێراق ڕایدەگەیەنێت.‏

نووسینگەی ڕاگەیاندنی وەزارەتەكە لە ڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، بەپێی ئاماری ‏كۆتایی دەرچوو لە كۆمپانیای بە بازاڕكردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ)، كۆی هەناردەی ‏نەوتی خام گەیشتووەتە 101 ملیۆن و 579 هەزار و 927 بەرمیل، بە داهاتی حەوت ‏ملیار و 391 ملیۆن و 749 هەزار دۆلار.‏

كۆی هەناردەی مانگی ڕابردوو لە ناوەڕاست و باشووری عێراق گەیشتووەتە 98 ملیۆن ‏و 570 هەزار و 290 بەرمیل، كۆی هەناردەی نەوتی كەركوكیش لەڕێی بەندەری ‏جەیهان گەیشتووەتە دوو ملیۆن و 700 هەزار و 95 بەرمیل.‏

ڕاگەیەندراوەكە ئاشكرایكردووە، تێكڕای نرخی یەك بەرمیل نەوت گەیشتووەتە 72.768 ‏دۆلار.‏

وەزارەتی نەوتی عێراق ئاشكراشیكردووە، نەوتەكە لەلایەن 29 كۆمپانیای جیهانیی ڕەگەز ‏جیاوازەوە لە بەندەرەكانی بەسڕە و خور لعمیە و عوامات لە كەنداو و بەندەری جەیهانی ‏توركی گوازراونەتەوە.‏