‎خەڵاتی ژووری بازرگانی سلێمانی درا بە کارگەی قارچکی شا

کارگەی قارچکی شا لەشاری سلێمانی به‌ بەرهەمی خۆماڵی پێداویستی بازاڕەکانی ناوخۆی پڕکردۆتەوە و لەئێستادا بەدەست کۆمەڵێک کێشەوە دەناڵێنێت و مەترسی داخستنی کارگەکە دەکرێت.

‎سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی و ژمارەیەک لە ئەندامانی ئەنجومەنی کارگێڕی ژوور لەناوچەی سیتەک سەر بە پاێزگای سلێمانی کارگەی قارچکی (شا) یان بەسەر کردەوە و خەلاتی ڕێزلێنانیان بەخشیە خاوەن و به‌ڕێوەبەری کارگەکە.

فه‌رهاد ڕه‌زا غه‌ریب، خاوەنی کارگەی شا بۆ بەرهەم هێنانی قارچک پێشوازیکرد لە سیروان محمەد، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی و ژمارەیەک لە ئەندامانی ئەنجومەنی کارگێڕی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی کەپێکهاتبون کەمال سەعید تەها کۆی و ئازاد عبدلقادر شمقار و ئاراس عبدلکریم، و سامان ئیبرایم، ئه‌ندازیار له‌ ژوور.

‎لەسەردانەکەدا فه‌رهاد ڕه‌زا غه‌ریب، خاوەنی کارگەی قارچکی(شا) ڕایگەیاند “لەئێستادا کارگەکەمان بەدەست کۆمەڵێک کێشەوە دەناڵێنێت هەر لە نەبونی کارەبا و گرانی نرخەکەی و گرانی گاز بۆ مۆلیدەکان و گرانبونی گومرگ لەسەر كه‌ره‌سته‌ خاوه‌كان بۆ بەرهەم هێنانی قارچک”.

‎راشیگەیاند “لەکۆی۸ کارگەی بەرهەم هێنانی قارچک لە کوردستاندا لەئێستادا تەنها دوو کارگە بەرهەمی قارچکی هەیە کارگەکەی ئێمە ماوە و کارگەیەکیش لە هەولێر کارگەکەی ئێمەش کە خاوەنی ۱٠ هۆڵی بەرهەم هێنانە لەئێستادا ۸ هۆڵ بەرهەمان هەیە”.

‎ئاماژەی بەوەشدا لەکارگەکەیاندا دەرفەتی کاریان بۆ ۳٥ خێزان رەخساندووە گەر کارئاسانی زیاتریان بۆ بکرێت هەلی کار زیاتر دەکەن و دەرفەتی کاری زیاتر دەرەخسێنن بۆ گەنجان کە بەرهەمی ساڵانەی کارگەکەیان ۳٥٠ بۆ ٤٠٠ تۆنە.

‎لەگەڵ هەبونی ئەو کێشەو گرفتانەی هەیانە سیروان محەمەد، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی رایگەیاند “بەداخەوەین بۆ کارگە ناوخۆییەکان لەهەرێمی کوردستاندا کە تا ئێستا حکومەت وەک پێویست نەیتوانیوە پشتیوانی لەو کارگە ناوخۆییانە بکات و کارئاسانیان بۆبکات و بەرهەمەکانیان بەبازاڕ بناسێنێت ئەمەش بۆتە مەترسی لەسەر داخستنی ئەوکارگانە”.

‎راشیگەیاند “هەمو ئەو کێشەو داواکاری و گرفتانەی هەیانە ئاراستەی حکومەت و لایەنە پەیوەندی دارەکانی دەکەن تابتواندرێت ڕێگە چارەیەک بۆ مانەوەی کارگە ناوخۆیەکن بدۆزرێتەوە، تەواوی بەرپرسان و لایەنە پەیوەندیدارەکان لەم کێشانە ئاگادار بکرێنەوە”.