بانکی جیهانی

شەن جەزا کەریم

ژووری بازرگانی‌و پیشەسازی سلێمانی خەلات کرا بەهۆی چالاکییەکانیەوە، بەم بۆنەیەوە پیرۆزبایی لەخۆمان‌و هەموو بازرگان‌و پیشەسازکاران‌و پیشەوەرانی شارەکەمان دەکەین.

لەم بابەتەدا کە تیشک دەخەینە سەر بانکی جیهانی، لەسەرەتادا بەپێویستی دەزانم ئاماژە بەوە بکەم کە ژووری بازرگانی هەمیشە کاری بۆ ئەوە کردوە پەیوەندییە بازرگانییەکانی لەگەڵ جیهانی دەرەوەدا بەهێزو فراوانتر بکات‌و هاوکات سیستەمی بانکی لەهەرێمی کوردستاندا سەردەمیانەو مۆدێرن بکات، بۆ ئەوەی لەم رێگەیەوە قەبارەی ئابوری‌و ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەکوردستاندا پێشکەوتوترو گەورەتر بێت.

بانکی جیهانی، یاخود بانکی نێودەوڵەتی (THE WORLD BANK) یەکێکە لەئاژانسە چالاک‌و گرنگەکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان، کە لەساڵی ١٩٤٤دا بیرۆکەکە لە(بریتۆن وودز) لەولایەتی هامبشیری ئەمریکا سەریهەڵداوە، لەمانگی تەموزی ١٩٤٤دا بەهەمئاهەنگی لەگەڵ سندوقی دراوی جیهانیدا (IMF)، کە تەنها چل‌و چوار وڵات بەشداربون تیایدا.

دوای کۆتاییهاتنی جەنگی جیهانی دووهەم لە٢٧/ ١ /١٩٤٧ دەستی بەچالاکی کردوە، کە بارەگاکەی لەواشنتۆنە، زیاتر لەهەشت هەزار کارمەند تیایدا دەستبەکارن. نیوەی کارمەندەکانی ئەمریکیین، نیوەکەی تریشی لەوڵاتانی هاوبەش لەبانکەکەدا پێکهاتوە، لەئێستادا (١٨٩) وڵات تیایدا ئەندامە، عێراقیش یەکێکە لەوڵاتە بەشدارەکان.

وەک ئاماژەمان پێدا بانکی جیهانی یەکێکە لەدامەزراوەکانی نەتەوەیەکگرتوەکان، هەروەها سندوقی دراوی جیهانیش دامەزراوەیەکی تری ئەو ڕێكخراوەیە، هەرچەندە ئەم دوانەجیاوازن لەیەکدی، بەڵام یەکێک لەمەرجەکانی بون بەئەندام لەبانکی جیهانیدا، ئەندام بونە لەسندوقی دراوی نێودەوڵەتیدا، بەواتایەکی ترتەواوکەری یەکدین. هەروەها مەرجێکی تر ئەوەیە ئەبێت وڵاتی ئەندام ١٨ % دراوی وڵاتەکەی خۆی بسپێرێت بەو بانکە، بەکاش لەبانکی سێنتراڵی وڵاتەکەی خۆییدا، دەستی بۆ نەبات، لەژێر چاودێری بانکی جیهانیدا پارێزراو بێت.

جۆری کارکردنی ئەم بانکە لەپێنچ دامەزراوەی تردا ڕێکخراوە بەم شێوەیە:

١ــ بانکی نێودەڵەتی بۆ گەشەپێدان‌و ئاوەدانکردنەوە.
٢ــ دامەزراوەی گەشەپێدانی دەوڵەت.
٣ــ دامەزراوەی دەسگیرۆیی نێودەوڵەتی (واتە یارمەتیدان لەڕوی داراییەوە).
٤ــ دەستەی گەرەنتی وەبەرهێنانی هەمەلایەن.
٥ــ مەڵبەندی نێودەوڵەتی بۆ یەکلاییکردنەوەی ناکۆکیەکانی بواری وەبەرهێنان.
ئەم پێنچ دامەزراوەیە کە سەر بەبانکی نێودەوڵەتیین، بانگەشەی ئەوە ئەکەن گوایە بەهەماهەنگی کاردەکەن بۆ کەمکردنەوەی ڕێژەی هەژاری لەجیهاندا.

هەروەها هاوکاری کردنی ئەو وڵاتانەی توشی نەهامەتی کارەساتی سروشی یان جەنگ دەبن لەڕێگەی هاوکاری یان پێدانی قەرزەوە، بەمەبەستی فریاکەوتن بۆ ئاوەدانکردنەوەو تێپەڕاندنی کارەساتی چاوەڕواننەکراوو لەناکاو، بۆ نمونە لەدوای جەنگی جیهانی دوهەمەوە بەهۆی بانکی نێودەوڵەتییەوە پڕۆژەی مارشال خرایە بواری جێبەجێ کردنەوە. هەروەها مێژوی ئەم بانکە دەریئەخات کە فاکتەری سەرەکی ئاوەدانکردنەوەی کیشوەرە پیرەکە (ئەوروپا) بوە، هەندێجار لەڕێگەی سندوقی دراوی نێودەوڵەتییەوە دستئەخاتە کاری هەندێک لەوڵاتانی ئەندامەوە بۆ ڕاگرتنی باڵانس لەنرخی هەندی کاڵادا، بەنمونە نرخی سوتەمەنی بەنزیک کردنەوەی نرخەکان بەپێوانەی دۆلار یان زێڕ، هەرچەندە لەم بوارەدا تاکی کۆمەڵ ئەبێت باجەکەی بدات، ئەمەیان وەک ڕەخنەیەکە لەسەر ئەو دامەزراوەیە، زۆریش لەبیرمەندان‌و پسپۆرانی بواری ئابوری ڕەخنەی زۆریان هەیە لەسەر ئەو بانکەو سیاسەتەکانی، پێیانوایە سیاسەتی بانکی نێودەوڵەتی لەلایەن هەندێ گەورە کۆمپانیای دنیاوە ئاراستە ئەکرێت، بەنمونە کاتێ بانکی ناوبراو قەرزێ بدا بەوڵاتێکی هەژار بۆ چەند پڕۆژەیەکی وەبەرهێنان، مەرجی بۆ دائەنێ کە ئەبێت پرۆژەکان لەلایەن ئەو کۆمپانیانەوە جێبەجێ بکرێت کە بانک دەست نیشانیان ئەکات، لەم کاتەدا هەژاری زیاد ئەکات بێکاری زیاتر بڵاوئەبێتەوە، بەهۆکاری ئەوەی هەلی کار بۆ خەڵکی وڵاتەکە دەستەبەر ناکات بەڵکو لەوڵاتانی ترەوەو بەمەرامی کۆمپانیاکان هێزی کار ئەهێنێت، وەک ئەو ڕەخنەگرانە ئاماژەی پێئەدەن.

یەکێک لەو ڕەخنەگرو بیرمەندانە (زەکی ئەلعایدە)، کە لەکتێبە بەناوبانگەکەیدا (مێژووی نهێنی بانکی نێودەوڵەتی)، بەدورودرێژی تیشکی خستۆتە سەر لایەنە تاریکەکانی ئەو بانکە، لەبەشێکی کتێبەکەیدا ئەڵێت بانکی ناوبراو وەک سودوەرگرتن لەهەلومەرجی وڵاتانی هەژار لەڕێگەی پێدانی قەرزەوە دەستئەخاتە ناو کاروباری وڵاتەکەوە، تەنانەت یەکێ لەمەرجەکانی ئەوەیە نوێنەرێکی لەکۆبونەوەکانی ئەنجومەنی وەزیرانی وڵاتی قەرزوەرگردا ئامادەبێت، ئەمە بەڕای ئەلعاید بەزاندنی سەروەری وڵاتە.

هیوادارم ڕۆژگار هۆمان نەخاتە ئەوەی پێویستمان بەقەرزی ئەو بانکە بێت.