یەكەمین شەمەندەفەری ڕووسی دەگاتە ئێران

بەڕێوەبەری گومرکی پارێزگای گولستان لە باكووری ئێران، هاتنی یەكەمین شەمەندەفەری كۆنتێنەری لە ڕووسیاوە بۆ وڵاتەكەی ڕاگەیاند، دەشڵێت: ئەو شەمەندەفەرە لە ڕێگەی سنووری ئینجە برون لە نێوان ئێران و توركمانستانەوە دێتە ناو خاكی ئێران.

شەهریار شەهریاری، بەڕێوەبەری گومرگی پارێزگای گولستان لە باكووری ئێران سەبارەت بە هاتنی یەكەمین شەمەندەفەری بازرگانیی لە ڕووسیاوە بۆ وڵاتەكەی، بۆ میدیا ئێرانییەكان دەدوێت.

ئاژانسی هەواڵی فارسی لە زاری شەهریاریەوە بڵاوی كردەوە، یەكەمین شەمەندەفەری بازرگانیی لە ڕووسیاوە دەگاتە ئێران، ئەم شەمەندەفەرە ٣٦ كۆنتێنەری هەڵگرتووە، هەروەها كەلوپەلی بازرگانی تێدایە و لە ڕێگەی سنووری ئینجە برون لە نێوان ئێران و توركمانستانەوە دێتە ناو خاكی ئێران.

ئاماژەی بەوەش كرد، ئەم شەمەندەفەرە ماوەی گواستنەوە و گەیاندنی كەلوپەل بۆ چەند ڕۆژێك كەم دەكاتەوە، شەمەندەفەرەكە لە وێستگەكانی شەمەندەفەری باشووری هەرێمی ئۆراڵز لە ڕووسیا بەرەو بەندەر عەباس بەڕێدەكەوێت.

لە كۆتاییشدا وتی، كەمكردنەوەی باجی گومرگی هۆكار بووە، لە كەمكردنەوەی تێچووی ناردنی كاڵا و زیاد كردنی هەناردەی كاڵا لە ڕووسیاوە بۆ ئێران.