یەدەگی زێڕی وڵاتان ئاشكراكرا و عێراق پێنجەمی عەرەبییه‌

بڕی ئەو زێڕە ئاشكراكرا كە وڵاتانی جیهان وەك یەدەگ هەڵیانگرتوون، سعودیە 323 تۆنی هەیە و یەكەمی وڵاتانی عەرەبییە و عێراق بە 96 تۆنەوە لە پلەی پێنجەمدایە.

ئەنجومەنی جیهانیی زێڕ، لیستی یەدەگی زێڕی وڵاتانی جیهانی بڵاوكردەوە و دەڵێت، یەدەگی زێڕی وڵاتان كە لە بانكە ناوەندییەكاندا هەڵگیراوە 35 هەزار و 582 تۆنە، هەزار و 366 تۆن و 400 كیلۆگرامیان لە وڵاتانی عەرەبین.

بەپێی لیستەكە، لە نۆ مانگی ڕابردوودا یەدەگی زێڕی وڵاتان زیادیكردووە و ئەمریكا بە پلەی یەكەم دێت و هەشت هەزار و 134 تۆن زێڕی هەیە. بەدوای ئەویشدا ئەڵمانیا سێ هەزار و 364 تۆن زێڕ و ئیتاڵیا دوو هەزار و 453 تۆن زێڕیان هەن، هەریەك لە فەرەنسا و ڕوسیا و چین و سویسرا و ژاپۆن و هیندستان و هۆڵەندا بەدوای ئەواندا دێن و 10 یەكەمەكەی جیهانن لەڕووی زۆریی یەدەگی زێڕەوە.

لەبارەی وڵاتانی عەرەبییەوە لیستەكە ئاشكرایكردووە، سعودیە 323 تۆن زێڕی یەدەگی هەیە و یەكەمی نێو وڵاتانی عەرەبییە، بەدوایدا لوبنان و جەزائیر و لیبیا دێن، عێراقیش پلەی پێنجەمی وڵاتانی عەرەبی و 39یەمینی جیهانی هەیە لەڕووی یەدەگی زێڕەوە و خاوەنی 96 تۆن و 400 كیلۆگرام زێڕە.