ھەولێر.. پێشانگای پێشەنگی خۆراکی و کشتوکاڵی دەکرێتەوە

بڕیارە کاتژمێر ١١ی ئەمڕۆ سێشەممە، بە بەشداری ٢٠٥ کۆمپانیا لە ١٢ وڵاتی جیاوازەوە، پێشانگای پێشەنگی خۆراکی و کشتوکاڵی لە ھەولێر بکرێتەوە و ماوەی سێ رۆژ دەخایەنێت.

لەئێستادا ئامادەکاری لەنێو هۆڵی پێشانگاکەدا دەکرێت بۆ ئەوەی شوێنەکان دابین بکەن و ئەو کەلوپەلانەی بڕیارە نمایشی بکەن، بیگوازنەوە هۆڵی پێشانگاکە.

بەڕێوەبەری پێشانگای نێودەوڵەتیی ھەولێر، سۆران قادر لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو وتی: “سبەی یەکەم رۆژی پێشانگاکەیە و ماوەی سێ رۆژ دەخایەنێت، بۆ سێیەم ساڵە ئەم پێشانگایە دەکرێتەوە کە تایبەتە بە کەلوپەلی خۆراک و لە قوتوونان”.

سۆران قادر وتیشی: “لە پێشانگاکەدا، ٢٠٥ کۆمپانیا لە ١٢ وڵاتی جیاوازەوە بەشدارن کە بریتیین لە وڵاتانی عێراق، تورکیا، ئێران، ھۆڵەندا، ناوچەی کارگێڕی تایبەتی هۆنگ کۆنگ سەربە چین، ئوردن، ئیمارات، ئیتاڵیا، فەڕەنسا و چەند وڵاتێکی دیکە، ئەو کۆمپانیایەی کە ھاتوون زۆربەیان شارەزاییان لەسەر ھەرێمی کوردستان نییە، ئەوان بۆ ئەوە ھاتوون کە سەقامگیری ھەرێم ببینن بۆ ئەوەی بتوانن لە داھاتوو لقەکانیان لە کوردستان بکەنەوە”.

لەبارەی زۆرترین ژمارەی ئەو کۆمپانیایانەی کە بەشداری لە پێشانگاکەدا دەکەن، سۆران قادر گوتی: “تورکیا بە پلەی یەکەم دێت، چونکە لە کۆی ٢٠٥ کۆمپانیای بەشداربوو، ٧٥ کۆمپانیا لە وڵاتی تورکیاوە ھاتوون، بەدوای ئەویش، وڵاتی ئێران بە ٥٠ کۆمپانیا، وڵاتی ھۆڵەندا بە ١٠ کۆمپانیا و بۆ یەکەمجاریشە ناوچەی کارگێڕی تایبەتی هۆنگ کۆنگ سەربە چین بەشداری بکات”.

بەڕێوەبەری پێشانگای نێودەوڵەتیی ھەولێر داوایشی لە ھاووڵاتییان کرد کە سەردانی پێشانگاکە بکەن بۆ ئەوەی شارەزایی لەسەر کەلوپەلەکان وەربگرن و وتیشی: “بەھۆی ئەوەی ئێمە زانیاریی کەممان ھەیە لەسەر کەلوپەلی لەقوتوونان، بۆیەش داوا لە ھاووڵاتییان و بازرگانان دەکەین کە سەردانی پێشانگاکە بکەن و لە نزیکەوە گفتوگۆ لەگەڵ کۆمپانیا بیانییەکاندا بکەن لەمبارەیەوە”.