“ھەرزانبونی دۆلار تەنیا قسەیە”

ئەندامێکی پێشووی لێژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رایده‌گه‌یه‌نێت: “هەرزانبوونی دۆلار تەنیا قسەیە، چونکە هەرزان بوونی دۆلار پێویستی بەڕەزامەندی سندوقی نەقدی نێودەوڵەتییەوە هەیە”.

شیروان میرزا، ئەندامى لیژنەى دارایى لەخولى پێشووى ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق ڕاگەیاند: دابەزاندنى نرخى دۆلار بە بەرامبەر بە دینار بەتەنها لەدەستەڵاتى حکومەتى عێراقی و بانکى ناوەندى عێراقیشدا نییە، بەڵکو سندوقى نەقدى نێودەوڵەتیش مەرجى بەسەر عێراقەوە داناوە کە دەبێت نرخى دۆلار بەرز بکاتەوە دەبێت ڕەزامەندى ئەویشى لەسەر بێت بۆ ئەوەى جارێکى دیکە نرخەکە دابەزێنێتەوە، ئەوە سەرەڕاى ئەوەى نرخى نەوت جێگیر نییەو لەگەڵ ئەوەشدا لە بەرزکردنەوەى نرخى دۆلار بەرامبەر بەدینار حکومەت قازانێکى زۆرى کردووەو زۆر قەیرانى بەهۆیەوە تێپەڕاندووە ئامادەنییە جارێکى دیکە زیان بەخۆى بگەیەنێتەوە.

ئاماژەى بەوەشکرد، ئەمساڵ عێراق هیچ جۆرە کورتهێنانێکى نەبووە، بەڵکو یەدەگى نەختینەى زیادیکردووە ئامادەش نییە جارێکى دیکە گرفت بۆ خۆى دروست بکاتەوە، لەئێستادا نەختینەى دۆلار لەبانکى ناوەندى عێراق گەیشتووەتە 64 ملیار دۆلار لەکاتێکدا پێشتر عێراق تەنها خاوەنى نزیکەى 50 ملیار دۆلارى نەختینە بوو، ئەمە سودێکى زۆرى بۆ حکومەت هەبوو، بۆیە بیانووى حکومەتى عێراق ئەوەیە ئەگەر نرخى دۆلار دابەزێنێت ئەوا هەناردەى کەمدەبێتەوە زیان بە بەرهەمى ناوخۆیى دەگات ئەوەش لەوەوە سەرچاوەى گرتووە لە %90ی داهاتى عێراق لەنەوتەوە سەرچاوەى گرتووەو بە دۆلار دەیفرۆشێت و دەیکاتەوە بە دینار.

ئەو ئەندامەى لیژنەى دارایى لە خولى پێشووى پەرلەمانى عێراق جەختى لەوەشکرد، لەئێستادا نیەتێک نییە لەلاى حکومەتى عێراقى بۆ دابەزاندنى نرخى دۆلار بەرامبەر بەدینار، هاوکات بانکى ناوەندى عێراقیش وەڵامى ئەو دەنگۆیانەى داوەتەوە کە باس لە دابەزاندنى نرخى 100 دۆلار دەکەن بۆ نزیکەى 120 هەزار دینار، لەحاڵەتى پێکهێنانى کابینەى نوێش بە ڕابەرایەتى سەدرییەکان بە هەمان شێوە ناتوانن دەستکارى نرخى دینارو دۆلار بکەن، چونکە چەندین لێکەوتەى ئابورى بەدواى خۆیدا دەهێنێت، بۆیە ئەوەى دەوترێت تەنها قسەى ناو سۆشیال میدیایەو هیچ شتێکى فەرمى نییە.