باران كانیاوەكانی سەرچناری تەقاندووە

سەربەست عوسمان بەڕێوەبەری ئاوی سلێمانی رایگەیاند، بەهۆی ئەو بارانەی لە ماوەی رابردوودا باری، كانیاوەكانی سەرچنار تەقیون و ئاوێكی زۆریان پێدا دەڕوات.

سەربەست عوسمان رایگەیاندووە، كانیاوەكانی سەرچنار پار نەتەقین، بەڵام خۆشبەختانە رۆژی شەممە تەقین و ئاوێكی زۆریان پێدا دێت.

هێمای بۆ ئەوەش كردووە، بەهۆی لافاوەوە كارەبا لە وێستگەی یەك و دووی بەنداوی دوكان پچڕا، چونكە كێشە لە تۆرباینەكاندا دروستبوو، ئەوەش بووە هۆی ئەوەی كارەبا نەمێنێت و ئاوی بەنداوەكەش بگیرێتەوە.

بەڕێوەبەری ئاوی سلێمانی رونیشیكردووەتەوە، ئێستا پچڕانی كارەبای ئەو وێستگانە چاك كراونەتەوە، بەڵام هێشتا ئاو لە بەنداوەكەوە بە وەرگرەكانی ئەوان نەگەیشتووە، بۆیە چاوەڕێن ئاو بگات تاوەكو وێستگەكان بخەنەوە كار و ئاو بۆ هاوڵاتیان بەربدەنەوە.