گەورەترین کێڵگەی غازی رۆژهەڵاتی رووسیا دەستی بە چالاکی کرد

کێڵگەی غازی کۆڤتکا کە گەورەترین کێڵگەی غازی رۆژهەڵاتی رووسیایە و خاوەنی ١،٨ ترلیۆن مەترسێجا یەدەگی غازە، دەستی بە چالاکی کرد.

لە رێوڕەسمێکدا کە بە ئامادەیی سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمیر پوتین و سەرۆکی گازپڕۆم، ئالێکسەی میلەر، بەڕێوەچوو، کێڵگەی غازی سروشتی کۆڤتکا، کەوتەکار.

پوتین، لە رێوڕەسمەکەدا گوتەیەکی پێشکەش کرد و باسی لە گرنگی ئەم کێڵگەیە بۆ ئابووری و پیشەسازی رووسیا کرد، ئاماژەی بەوەشدا کە کێڵگەی کۆڤتکا، خاوەنی ١،٨ ترلیۆن مەتر سێجا یەدەگی غازی سروشتییە و بەمەش گەورەترین کێڵگەی غازە لە رۆژهەڵاتی رووسیا.

ناوبراو، ئەوەشی ئاشکرا کرد کە کێڵگەی کۆڤتکا و کێڵگەی چایاندینسکۆیە لە کۆماری یاقوتیا، پێکەوە دەبەستنەوە و ئەو غازەی لە کێڵگەی کۆڤتکا دەریدەهێنن لەڕێی هێڵی بۆری هێزی سیبریاوە هەناردەی جیهان دەکرێت، گوتیشی: “بەم شێوەیە هێڵی گواستنەوەی غازی سروشتی وڵاتەکەمان بە درێژایی رێگای گواستەنەوەی چالاک دەبێت و ئەم رێگایەش زیاتر لە سێ هەزار کیلۆمەتر دەبێت”.

بەهۆی جەنگی ئۆکرایناوە، بەشێک لە وڵاتانی ئەورووپا بەتەواوی هاوردە کردنی غازی سروشتیی رووسیایان وەستاندووە، هەندێک وڵاتیش رێژەی هاوردەکردنی غازی رووسیایان کەم کردووەتەوە. مۆسکۆش بۆ قەرەبوو کردنەووەی ئەم زیانانەن رووی لە چەند وڵاتێکی دیکە کردووە کە چین دیارترینیانە.

کۆمپانیای گازپڕۆمی وزەی رووسیا، لە هەشتی کانوونی یەکەمدا ئەوەی ئاشکرا کردبوو کە رێژەی رۆژانەی هەناردە کردنی غازی سروشتی بۆ چین لەرێی بۆری هێزی سیبریاوە، ژمارەی پێوانەیی تۆمار کردووە.